کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات؛ لە دوو هەفتەدا چوار هەزار قوتابی تووشی کۆرۆنا بوون

10:30 - 24 سەرماوەز 2721

مانگێک بەسەر کردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران تێپەڕ نەبووە و بەهۆی پێبەندنەبوونی قوتابخانەکان بە ڕێکارە تەندروستییەکان، ڕۆژانە هەرکام لە پارێزگاکان باس لە تووشبوونی ژمارەیەک لە قوتابییان و مامۆستایان بە کۆرۆنا دەکەن؛ لەلایەکی ترەوە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران نکۆڵی لەم بابەتە دەکەن.

لە ٢٠ ڕۆژی رابردوودا لە پارێزگای تاران دوو هەزار قوتابی، لە خوراسانی ڕەزەوی هەزار و ٥٠٠ قوتابی، لە کاشان ٢٠٠ قوتابی، لە کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد ١٨٠ قوتابی، لە قوم ٤٨ قوتابی، لە ئیلام ١٥ قوتابی و ٤ مامۆستا و لە لوڕستان ١٥ قوتابی تووشی کۆرۆنا بوون.

"وەحید زاکری" بەڕێوەبەری زانستیی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ئێران لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: "بەداخەوە لەو قوتابخانانە ئاماری تووشبوون بە کۆرۆنا بوونی هەیە کە پێبەندی ڕێکارە تەندروستییەکان نەبوون. هەڵبەت لە قوتابخانەیەکی دیاریکراو یان لە شارێکی دیاریکراو نییە و ئامارەکان گشتین".

بەپێچەوانەی وتەکانی "وەحید زاکری"، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە بۆ چەواشەکاری وتوویەتی: "هەموو قوتابیانی سەرووی ١٢ ساڵ، واکسەنیان وەرگرتووە. قوتابییان لە حەوتوودا دوو ڕۆژ لەسەر پۆلەکان بە لەبەرچاوگرتنی ڕێکارە تەندروستییەکانەوە ئامادە بن. تاکوو ئێستا دۆخێکی خراپی تەندروستیمان لە قوتابخانەکان نەبووە".

لەلایەکی ترەوە "موحسین فەرهادی" جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران ئیدەعاکانی وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران بە درۆ دەخاتەوە و وتوویەتی: "ژمارەیەک لە خێزانەکان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەوە سکاڵایان لەسەر پێبەندنەبوونی قوتابخانەکان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی تۆمار کردووە. زۆربەی قوتابخانەکان، پێبەندی ئەو مەرجانە نین کە بۆ کردنەوەیان دیاری کراوە".