کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران، وڵاتی قەیرانەکانە!

12:30 - 5 پووشپەڕ 2722

ئاسۆ مینبەری

ئەمە ڕاستییەکی بێ ئەملاوئەولایە کە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان لە کات و زەمەنی دیارکراودا و بەپێی هەلومەرجی جیاوازی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و ... تووشی جۆرە جیاوازەکانی قەیران بن و ناچار بن بەرنامە و پلانی نوێ و کارساز بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم قەیرانانە داڕێژن.

لەو وڵاتانەدا کە فاکتەری خۆشبژێوی لە گرینگترین فاکتەرەکانی جێگای سەرنجی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی دەوڵەتە، زۆر جار درووستبوونی قەیرانەکان بە هۆکارگەلی نەخوازراو ڕوو دەدات و دەوڵەت ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاکوو بتوانێ قەیرانەکە بە زووترین کات و بە کەمترین تێچوو جا چ مادی بێ چ مەعنەوی کۆنترۆڵ و تەنانەت چارەسەریش بکات.

نموونەی بەرچاوی ئەم دۆخەش، بەربڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ماڵوێرانکەری کۆرۆنا بوو کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و هەڵبەت لەوانەدا کە گرینگییان بە گیان و ژیانی شارۆمەندانی خۆیان دەدا، هەوڵیان دا بە ئاڵترناتیڤی جیاواز پێش بە زیانی زیاتری ئەم ڤایرۆسە بگرن، هەر لە قەدەغە ڕاگەیاندنی هاتوچۆ، هەڵوەشاندنەوەی هەموو چەشنە سەفەرێکی هەوایی و دەریایی و زەوینی، خزمەتگوزاریی بێهداشتی و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک بۆ پێشگرتن لە بەریەککەوتنی زیاتر کە بێگومان لە کۆتاییشدا بە قازانجی خەڵک و گرینگتر لە هەمووی وڵاتەکە شکایەوە.

بەڵام ئەم دۆخە بەپێچەوانە لە وڵاتانی دیکەدا وەکوو ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان زۆر نالەبار بوو، بە هەزاران کەس بە هۆی درۆکانی بەرپرسانی ڕێژیمەوە گیانیان لە دەست دا و بوونە قوربانی. ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی ڕەت کردەوە، درۆی لەگەڵ خەڵک کرد و باسی نەکرد تاکوو خەڵک لە ڕێپێوانی ٢٢ی رێبەندان و لەگۆڕنانی قاسم سلێمانیی تێرۆریستدا بەشداری بکەن و درێژە بە شانۆگەرییەکەی خۆی بدات!

گرینگیی ئەم بابەتە و ئەم بەراوردکارییە لێرەدایە کە بزانین ئێران، وڵاتی قەیرانەکانە، بەڵام ئەم قەیرانانە بە پێچەوانەی وڵاتانی دنیا نەک بە شێوەی نەخوازراو بەڵکوو ڕاستەوخۆ و بە دەستێوەردانی خودی بەرپرسانی ڕێژیم بەرۆکی خەڵک دەگرن و هیچ کەسیش نە لە قەیرانەکان و نە لە ئاکامەکەیان بەرپرسیار نییە.

ڕۆژێک لە عەبادان بینایەک دەڕووخێ و خەڵک گیانیان لە دەست دەدەن، ڕۆژێک ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەکانی مەرگدا گیانی خەڵک دەستێنێ، ڕۆژێک دەبینین کە ئامارەکان باس لە فڕێدرانی هەزاران منداڵ لە سەر شەقامەکان دەکەن، ڕۆژێک دەبیستین کە ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە خەڵک پەنا بۆ دزیکردن دەبەن و بە دەیان دیاردەی دیکە کە ئیدی دەبێ وەکوو قەیران ناویان لێ ببەین، قەیرانگەلێک کە هۆکاری سەرەکیی درووستبوونیان هەر بەشێوەی ڕاستەوخۆ خودی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە!

ڕۆژ نییە کە مانشێتی هەواڵەکانی تایبەت بە کۆمەڵگای ئێران باس لە قەیرانێک نەکەن، هەر ڕۆژ لە شارێک و هەر جار بە جۆرێک قەیرانێک دەخوڵقێ و سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هیچ چارەسەرێکیش بەدی ناکرێت وەک بڵێی لە چاوی دەسەڵاتدارانی ئەم ڕێژیمەوە ئەوەی کە نابینرێ کێشەی خەڵکە!

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵدەریی "ئافتاب"ی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بە وتەی جێگری ناوەندی کۆمەڵایەتی و پێشگرتن لە تاوانەکانی هێزی بەناو دادوەری، یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار حاڵەتی دزیکردن ڕوویان داوە کە ئەمە بەڕاستی دەبێ وەکوو گەورەقەیران چاوی لێ بکرێت.

نرخی شتومەک بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەدایە، بێکاری ڕووی لە زیادبوونە، هەژاری باڵی بە سەر کۆمەڵگادا کێشاوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش لە درێژەدان بە گەندەڵکاری و دزیکردن لە سامانی خەڵکانی ئێران و ڕەوانەکردنی بۆ گرووپە نیابەتییەکانیان لە ناوچە و ئاژاوەنانەوە  و دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە بەردەوامن.

ئاغازادەکان بە پارەی خەیاڵییەوە لە باشترین وڵاتانی جیهاندا دەژین و خەڵکی هەژاری ئێرانیش دەبێ لە نێو زبڵدانەکاندا و لە شەقامەکاندا بە دووی لەتەنانێکدا بگەڕێن تاکوو شەو بە برسێتی سەر نەنێنەوە.

ئەمە ئەو پێگە ئینسانییە بوو کە خومەینی لە کاتی هاتنەسەرکاری ڕێژیمە نگریسەکەی باسی لێوە کرد، ئاو و کارەبا هەرزان نەبوو هیچ، سامانی نەتەوییش لە خەڵک تاڵان کرا و بوو بە کۆڵەکەی مانەوەی ئەم ڕێژیمە تاکوو ئەمڕۆ.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەموو ئەمانە دەبینن، باش دەزانن کە خەڵک لە چ دۆخێکی نالەباردا دەژین، بەڵام نە دەیانەوێ چارەسەری بکەن و نە بە پێویستیشی دەزانن کە چارەسەری بکەن، چوونکە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و لە هەمووی گرینگتر کێشەی ئابووری دەبێتە هەنگاوی بەهێز بۆ خەڵکانی ئێران کە بیر بکەنەوە، کە مێشکیان ئازاد بێت و هەڵوێست بگرن، ئەمەش ئەو خاڵە گرینگەیە کە ڕێژیم لێی دەترسێت، برسی هێشتنەوەی خەڵک، گوێڕایەڵبوونی بەدواوە دەبێت و هەر ئەمەش دەبێتە هەوێنی بەردەوامی دەسەڵاتی سەرکوت، کەوایە ڕێژیم بە شێوەی ئامانجدار و بەئەنقەست بووەتە دەسەڵاتێکی قەیرانخوڵقێن تاکوو گەرەنتییەکی بۆ مانەوەی خۆی هەبێت.

بێگومان زۆرجار هەوڵی داوە قەیرانێک بە قەیرانی دیکە لە بیری خەڵك بباتەوە، سەرقاڵیان بکات بە کێشەکانەوە تاکوو نەتوانن هەڵوێست بنوێنن بەڵام ئەزموونی ٤٣ ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە خەڵک قەیرانەکان دەبینن، دێنە سەر شەقام و هەڵوێست دەگرن، دەنگ هەڵدەبڕن و بێگومان ڕۆژێک وڵامی ئەم قەیران و قەیرانخوڵقێنییەی ڕێژیمیش بە توندترین شێوە دەدەنەوە.