کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پلەی دووهەمی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئاستی جیهاندا هەیە

11:33 - 23 رەزبەر 2721

ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان و ئێراندا بەردەوام بەرز دەبێتەوە و لە ماوەی هەر کاتژمێرێکدا دوو کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن.

ئەمساڵ ڕووداوی هاتوچۆ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٥٧ لەسەد و ڕێژەی ئەو کەسانەی گیانیشیان لەدەست داوە ٤٩ لەسەد بەرز بووەتەوە.

لە ساڵی ڕابردوودا ٨٠٠ هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە ئاستی ئێران و کوردستاندا ڕووی داوە کە گرینگترین هۆکارەکەی بۆ ناستانداردبوونی جادە و ماشینەکان دەگەڕێتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ڕەخنە لە پیشەی ماشینسازی ئێران دەگرن کە پیشەی ماشینسازی لە ئێراندا هیچ ستاندارێکی نییە.

بەرهەمهێنانی ماشینی پراید لە ئێراندا ڕەخنەی تووندی لەسەرە و چەند جار بڕیار دراوە کە بەرهەمهێنانی ئەو ماشینە کە بە "ئەڕابەی مەرگ" وەسف دەکرێت؛ پێشی پێ بگیرێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران لە ساڵێکدا لەگەڵ ئاماری تەلەفاتی شەڕێکی قورس یەکسانە.