کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پلەی پێنجەمی هەڵاوسانی ئابووریی لە جیهاندا هەیە

11:55 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی ئێران پلەی پێنجەمی هەڵاوسانی ئابووریی لە جیهاندا هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی نادەن، بەڵکوو حاشا لە ئامارەکانیشی دەکەن.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوە نێونەتەوەیییەکان، وڵاتی ئێران بە هۆکاری سیاسەتە نەگریسەکانی ڕێژیمی دەسەڵاتدار و گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیم و  لە ئاکامدا گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکان لەو وڵاتەدا، هەڵاوسانی ئابووریی ئێران لە ڕیزبەندی ۱۸۶ وڵاتی جیهاندا، لە پلەی پێنجەمدایە. بەرپرسانی ڕێژیم جیا لەوەی کە هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی بارودۆخی داڕمانی ئابووری و چارەسەریی هەڵاوسان لە ئێراندا هەڵ ناگرن، بەڵکوو زۆرجار حاشای لێ دەکەن.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە نێوان ۱۸۶ وڵاتی جیهاندا، وڵاتی وێنێزۆئێلا، لە پلەی یەکەمدایە و وڵاتانی زیمبابۆوە بە ۶٤.۸ لەسەد، کورەی باکوور بە ۵۵ لەسەد، ئارژانتین بە ۵٤.۷ لە سەد و ئێران بە ۵۱.٤ لەسەد لە پلەکانی دووهەم تاکوو پێنجەمدان، هەروەها وڵاتانی ئۆردۆن بە ۰ (سفر)، قەتەر بە ۱.۳- لەسەد، لیبی بە ۱.۶- لەسەد، عەرەبستانی سعوودی بە ۲.۱- لەسەد و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ۲.۵- لەسەد لە کۆتاییی ئەو ئامارەدان و بەو وڵاتانە هەژمار دەکرێن کە هەڵاوسانی ئابوورییان نییە.

لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕابردوودا، سەندووقی نێونەتەوەیی پارە، لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو، کە گەشەی ئابووریی وڵاتی ئێران مەنفیی شەش لەسەد و بەهای هەڵاوسان ۳۷ لەسەدی خەمڵێندراوە.

لەم بارەوە، "جەهاد ئازوەر"، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیای ناوەندیی سەندووقی نێونەتەویی پارە، هۆکارەکەی بۆ گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران گەڕاندووەتەوە.

بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم حاشا لە هەڵاوسان و گرانبوونی بەهای شتومەکەکان لە بازاڕەکاندا دەکەن و لەم بارەشەوە پێشتر "ئومید عەلی پارسا"، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە: کە ئەو ئامارانەی کە لە بارەی هەڵاوسانەکانەوە بڵاو دەبنەوە درۆن و دوورن لە ڕاستی و هەڵاوسان بە واتای گرانی نییە.