کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پلەی یەکی تووشبوون بە شیرپەنجەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە

12:46 - 3 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی ئیران لە نێوان وڵاتانی دنیادا، پلەی یەکەمی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

بەرزبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە شێوەی کە جاری وا هەیە تاکێک پێکەوە تووشی دوو یا سێ جۆر شێرپەنجەش دەبێت.

سێ ساڵ پێش ئێستا، دوکتور ئیرەج حەریرچی، قایمقامی وەزیری بێهداشت، باسی لە تووشبوونی ٩٢ هەزار هاووڵاتیی ئێرانی بە شێرپەنجە کردبوو و ڕایگەیاندبوو، کە  ئێران لە خێرایی زۆربوونەوەی شێرپەنجەدا، لە وڵاتانی یەکەمی دنیایە.

هەر لەم پێوەندییەدا، دوکتور فوودازی، ئەندامی هەیئەت مودیرەی ئەنجومەنی ئانکۆلۆژیی ئێران ڕایگەیاندبوو: هەندێ جار لە ئێراندا، لە چەمکی "سۆنامیی شێرپەنجه" کەڵک وەر دەگیردرێت.

فوودازی هەروەها باسی لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شیرپەنجە کردووە و وتوویەتی: هۆکاری یەکەم پێوەندیی بە تەمەنەوە هەیە و بەو پێیە کە ئێران وڵاتێکە کە خەریکە دەچێتە ڕیزی وڵاتانی پیری دنیاوە، شێرپەنجەش لە تەمەنەکانی سەرەوە زۆرتر دەر دەکەوێت، لە لایەکی تریشەوە، هۆکارگەلێکی ژینگەیی وەکوو گۆڕینی شێوازی ژیان و بەکارهێنانی خواردنگەلێکی سوێر و لە سەروی هەموو ئەمانەشدا، بەکارهێنانی جگەرە و نێرگەلەی بە گرینگترین  هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجە زانیوە.

قسەکانی ئەم کەسانە لە حاڵێکدایە، کە سەرەڕای هەموو ئەم هۆکارانە، ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا، وەکوو گرینگترین هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجە دەکرێت ناوی لێ ببردرێت، خواردنی جۆرەکانی ئەو خۆراکانە وەکوو چیپس، فەست فوودەکان، پیسبوونی لەڕادەبەدەری هەوا و هەروەها ئەو پارازیتانەیە کە لە لایەن ڕێژیمەوە دەخرێتە سەر ماهوارەکان کە جیا لە تووشبوون بە جۆرەکانی شێرپەنجە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەگەلی ژێنێتیکی لە تاکەکاندا، کە لەدایکبوونی منداڵانێک بە نەخۆشیگەلی تایبەت و نەناسراو و هەروەها، کێشەی نەبوونی منداڵ لە کەسەکاندا بە دوای خۆیدا دێنێت.