کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆمی خێراتر کردووە/ هێڵی سووری ئیسراییل بەرەو کۆتایی دەروات

12:48 - 5 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: پشکێنەرانی ئاژانس رایانگەیاندووە، لەوانەیە ئێران بە زوویی پیتاندنی ئۆرانیۆم خێراتر بکات و رۆژنامەی گاردیەنیش بڵاوی کردۆتەوە هێڵی سووری ئیسراییل لەپێوەندی بەرنامەی ناوکیی ئێران بۆ کەمتر لە چوار مانگ دابەزیوە.
باڵوێزی وڵاتانی رۆژئاوایی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، لەو بڕوایه دان کە ئێران تەنیا چەند رۆژی دیکە گازی هێگزا فلۆرایدی ئورانیۆم (UF6) بە چوار تاڤگەی نوێ لە سانترفیووژەکانی دامەزراوەی فەردۆ زیاد دەکات.
ئەم تاڤگانە ئێستا لە قۆناغی تاقی‌کردنەوەی بۆشایی دان کە ئەم تاقی‌ کردنەوەیە دوا قۆناغی پێش زیاد کردنی هێگزا فلۆرایدی ئۆرانیۆمە.
پشکێنەرێکی پایەبەرزی ئاژانس دوایین راپۆرتی سێ مانگەی خۆی سەبارەت بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران رادەستی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئاژانس کردووە.
رۆژنامەی گاردیەن پڕژاوەتەوە سەر ئەوەش، لە شەش مانگی رابردوودا، رێژیمی ئێران ١٤ هەتا ١٥ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی ٢٠% پیتێنراوی بەرهەم هێناوە و هەنووکەش ئەو رێژیمە ١٣٥ کیلۆگرەم پاشکەوتی هەیه.
لێپرسراوانی ئیسراییل لەو بڕوایه دان ٢٤٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی ٢٠% پیتێنراوی بۆ دروست کردنی کڵاوەیەکی ئەتۆمی پێویستە کە دەستڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بەو رێژەیە بۆ ئیسراییل هێڵی سوورە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە، ئەگەر ئەم تاقی کردنەوانە سەرکەوتوو بن، رێژیمی ئێران دەتوانێ لە مانگێکدا ٢٥ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی ٢٠% پیتێنراو بەرهەم بهێنیت و لە ئەکامدا هێڵی سووری ئیسراییل لە ٧ مانگەوە بۆ ٤ مانگ دابەزین بە خۆوە بینیوە.
لەلایەکی دیکەشە رێژیمی ئێران وێرای هەبوونی پارادۆس لە نێوان قسە و کردەوەکانیدا، لەسەر ئاشتیخوازانە بوونی بەرنامە ناوکییەکەی پێداگری دەکاتەوە.