کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران چەتەیەک لە گەرووی هۆرمۆزدا

12:29 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیم پلانێکی بۆ وەرگرتنی باج لەو کەشتییانەی کە لە گەرووی هورمۆز تێپەڕ دەبن داڕشتووە.

"ئەمیرحوسێن قازی زادەی هاشمی"، ئەندامێکی هەیئەتی سەرۆکایەتیی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لە داڕشتنی پلانێک بۆ وەرگرتنی "باج" لەو کەشتییانەی کە لە گەرووی "هۆرمۆز" تێپەڕ دەبن کردووە.

دەوترێت باجگیرییەکە یەخەی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، بە فەرمی دەزانن.

لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا و پاش بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، مەجلیسی ڕێژیم فراکسیۆنێکی لە ژێر ناوی "بەدواداچوونی کردەوە دوژمنکارانەکانی ئامریکا"، دامەزراند کە تا ئێستا نزیکەی ١٠ پلانی داڕشتووە.

وەرگرتنی باج لەو کەشتییانەی کە لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕ دەبن یەک لەو پلانانەی ئێرانە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئامریکا و گەمارۆکانی دایڕشتووە.

قازی زادەی هاشمی ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی پووشپەڕ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی سەر بە ڕێژیم لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەو باجگیرییە بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان دەکرێ وتوویەتی: "درێژیی گەرووی هۆرمۆز ٥٥ کیلۆمترە و کەشتییەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکانەوە دێنە ئاوەکانی ژێر چاوەدێریی وڵاتی ئێمەوە و تێپەڕ دەبن؛ واتە لە ئاوە نێونەتەوەییەکان تێپەڕ نابن کە هەروا بە ئاسانی چاوپۆشییان لێ بکەین".

گەرووی هۆرمۆز، دەکەوێتە نێوان پارێزگای هۆرمۆزگانی ئیران و پارێزگای مۆسەندم لە وڵاتی عۆمان، کە یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بە هەژمار دێت، کە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عۆمان پێکەوە گرێ دەدات.