کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران، ڕووسیە و تورکیە دەیانەوێت دۆلار لە چوارچیوەی پێوەندییە بازرگانییەکانیان بسڕنەوە

11:45 - 14 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران دەیەوێت بە گۆڕینی دۆلار بۆ دراوێکی دیکە لە کارە بازرگانییەکانیدا، لە ژێر باری گرانیی گوشارە ئابووری و سیاسییەکاندا خۆی دەرباز بکات.

همەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیم، کە بۆ ڕووسیە سەفەری کردبوو، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی سەر بە ڕێژیم "ئیرنا" و ئەسپۆنتیکی ڕووسیە بە ئاماژە بە دیدارەکانی خۆی لەگەڵ سەرۆکی بانکە ناوەندییەکانی ڕووسیە باسی لەوە کردووە: کە ٣٠ لەسەدی پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕووسیە بە دراوی ئەو وڵاتانە جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە ئەم دوو وڵاتە بەنیازن ئاستی پێوەندییە بازرگانییەکانیان بە دراوی خۆیان ببەنە سەرەوە و هەروەها لەگەڵ تورکیەش ڕێک کەوتوون کە دۆلار لە مامەڵەکانیان بسڕنەوە.

هەر لەم  پێوەندییەدا ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە دیداری لەگەڵ پووتین، باسی لەوە کردووە، کە گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، ڕووسیە و تورکیە لە لایەن ئامریکاوە "خاڵێکی هاوبەشی زۆر بەهێز" بۆ پەرەپێدان بە هاوکارییەکانی ئەم سێ وڵاتەیە و ئاماژەی بە درێژەدان بە هاوکارییەکانیان بەدەر لە چوارچێوەی دۆلار کرد.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران تەنیا پەلەقاژەی بەر لە مەرگە، دەنا دراوی هیچ کام لەو سێ وڵاتە کە لە دیپلۆماسیی ئابووری و سیاسی جیهاندا بە ڕادەیەکی بەرچاو پەراوێز کەوتوون هێندە بەهێز نییە کە گوشارەکانی سەریان کەم بکاتەوە، تەنانەت ڕووسیە کە ڕێژیمی ئێران بە هاوپەیمان و پشتیوانی خۆی دەزانێت، لەگەڵ عەرەبستان بەنیازە پاش وەگەڕخرانی گەمارۆوەکانی خولی دووهەم لە ١٣ی خەزەڵوەر، بۆ سەر کەرتی نەوتی ڕێژیم لە لایەن ئامریکاوە، قەرەبووی کەمیی نەوتی ئێران لە جیهان بکاتەوە.