
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٢٤ کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە چوار هەزار و ٣٠٠ کەسیش تووشی کۆرۆنا بوونە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، لە سەرەتای دەستپێکی گشتگیریی کۆرۆنا لە ئێران هەتا ئێستا ١٢٨ هەزار و ٤٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیک بە شەش ملیۆن و ٣١ هەزار و ٥٧٥ کەسیش تووشی کۆرۆنا بوونە.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی قوربانییانی کۆرۆنا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاند: "لە سەرەتای مانگی سەرماوەزدا هاووڵاتییان یان دەبێ واکسەنی کۆرۆنا لێ بدەن یان ئەوەیکە لە حەوتوودا دوو جار تاقیکاریی کۆرۆنا ئەنجام بدەن".
هەر لەو پەیوەندییەدا "عەلی مستەفەوی" جێگری سیاسی- ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتیی پارێزگاری ورمێ وتوویەتی: "بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی تەندروستی و دەرمان، لە باشووری پارێزگا شارەکانی شنۆ، پیرانشار و سەردەشت و لە باکووری پارێزگاش شارەکانی پۆلدەشت، چاییپارە و شووت لە دۆخی سووردان".