کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ ڕێژەی ئەو ژنانەی بە شێوەی نافەرمی کار دەکەن لە پیاوان زیاترە

11:20 - 7 سەرماوەز 2721

"سومەیە گوڵ پوور" سەرۆکی کۆمیتەی ژنانی کانونی باڵای ئەنجومەنی پیشەیی کرێکارانی ئێران وتوویەتی: "سەرەڕای ئەوەی ژنان سەرووی ٦٥ لەسەدی خوێندکارانی زانکۆکان پێک دێنن، بەڵام لە بازاڕی کار دەرفەتی پیشەیی یەکسانی نێوان ژن و پیاو بوونی نییە".

"گوڵ پوور" لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: "هێز و وزە و تواناکانی ژنان کەمتر دەبیندرێت، دەبێ سەرنج بخەینە سەر ئەو بابەتەی کە ژنان لە بواری پیشەییەوە توانایەکی زۆریان هەیە".

ناوبراو وتوویەتی: "بەداخەوە کولتووری دابەشکردنی کاری دادپەروەرانە زۆر لاوازە و بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان ئەو بابەتەی کە هەموو ئەرکەکانی ماڵەوە لەسەر شانی ژنان بێت جێ کەوتووە، لە حاڵێکدا ئەو چاوەڕوانییە هەڵەیە و هیچ شوێنێکمان نییە هەتا بە شێوەی یاسایی پشتیوانی لە ژنانی داهێنەری کار بکات و بەشی ئەو ژنانەی کە پیشەی نافەرمییان هەیە زیاتر لە پیاوانە".

لە ئێران دەسەڵات دەتوانێت لە بواری دابینکردنی کەرەستە سەرەتاییەکان، یارمەتییەکی بەرچاوی ژنانی داهێنەر بکات هەتا بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەو کارە ناکات.

ڕێژیمی ئێران بە تەواوەتی نکۆڵی لە مافی بەرابەریی ژنان دەکات و دژی ئەوەیە ژنان لە بواری ئابوورییەوە سەربەخۆ بن.