
٢٩ ڕێکخراوی سەربەخۆی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (تەئمینی ئیجتماعی) لە ٢٠ پارێزگای ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ کۆبوونەوەیەکی سەرتاسەری بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە؛ ئەم بانگەوازە بە ئەم پرسیارەوە دەستی پێ کردووە: "ئیتر چاوەڕێی چین، مەگەر بێبەشی و گوشاری لەمە زیاتریشمان هەیە؟".
لە بەشێکی ئەم بانگەوازەدا هاتووە: "شەرمهێنەرە کە لە حاڵێکدا دەبێ سەردەمی خانەنشینی دوای سی ساڵ کار و زەحمەت سەردەمێکی پڕ لە ئاسایش و بە دوور لە کەڵکەڵە وێرانکەرەکان بێت، بەڵام دەوڵەت و مەجلیس بە هەوڵەکانیان سفرەی ئێمە خانەنشینکراوانیان بچووک و بچووکتر کردووەتەوە".
ئەم ڕێکخراوانە جەختیان کردووەتەوە کە تەنیا بە ئامادەبوون لە شەقامەکان دەتوانن بە مافەکانی خۆیان بگەن. هەروەها دەیانهەوێت ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندان بە شێوەی سەرتاسەری بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای مافە پێشێلکراوەکانیان بکەن.
ملیۆنان خانەنسێنکراو لە ئێران و کوردستان لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا دەژین. بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان، هێزی کڕینی خانەنشینکراوانی کەم کردووەتەوە. هەروەها زۆرتر لە نیوەی خانەنشینکراوان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.