کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران ڕێکۆردداری کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە نیوسەدەی ڕابردوودایه

12:06 - 10 بەفرانبار 2720

ڕێكخراوی "هەواڵنێرانی بێسنوور" لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئێران گەورەترین بكوژی ڕۆژنامەنووسان لە نیوسەدەی ڕابردوودایە.

ئەو ڕێكخراوە ئاماژەی بەوە كردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٥٠ ڕۆژنامەنووس و میدیاكار كوژراون. زۆربەی قوربانییان ئەوانە بوونه كە بەهۆی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەكانی گەندەڵیی سیاسی، ئیداری و دارایی و هەندێک پرسی تایبەت بە ژینگە كوژراون. ئێران تاكە وڵاتە زۆر بە ڕاشكاوی فەرمانی كوشتنی ڕۆژنامەنووسان دەدات.

وڵاتانی "مەکزیک، هیند و پاكستان" بە خراپترین و نائارامترین وڵات بۆ چالاكیی ڕۆژنامەنووسان هەژمار كراوە و ئێرانیش تاكە وڵاتە زۆر بە ڕاشكاوی فەرمانی كوشتنی ڕۆژنامەنووسان دەدات و لە نیوسەدەی ڕابردوودا هیچ وڵاتێک هێندەی ئێران لە ڕۆژنامەنووسانی نەكوشتووە.

ئەو ڕێكخراوە ئاماژەی بە "ڕوحوڵڵا زەم" بەڕێوەبەری كەناڵی تێلێگرامیی "ئامەدنیوز" كردووە كە ماوەیەک لەمەوبەر لە ئێران لەسێدارە درا.

كوشتنی ئەم ڕۆژنامەنووسە لە ئاستی نێودەوڵەتی هەرایەكی زۆری لێكەوتەوە و زۆرێک لە وڵاتان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بەتوندی سەركۆنەی ڕێژیمی ئێرانیان كرد.