کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران ڕێکۆردی ٧٥ ساڵەی هەڵاوسانی شکاند

13:24 - 27 بانەمەڕ 2721

بەناو نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە ڕەخنەگرتن لە ئەندامانی کابینەی حەسەن ڕووحانی وتوویەتی تەنیا بەرهەمی حکوومەتەکەیان ڕێکۆردشکێنیی ٧٥ ساڵەی نرخی هەڵاوسان بووە.

"ئێحسان خاندووزی" بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ، لە پەیامێکی تویتەریدا نووسیویەتی: "لەم دواییانەدا ڕێکۆردی ٧٥ ساڵەی هەڵاوسان لە ئێراندا شکاوە، ئەگەر وانییە با بانکی ناوەندی ڕاپۆرتی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بڵاو کاتەوە".

خاندووزی هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئێران تەنیا لە ساڵەکانی داگیرکراویدا لە دەورانی شەڕی جیهانیی دووهەمدا هەڵاوسانی گەیشتووەتە سەرەوەی ٥٠ لەسەد.

پێشتر ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بە هەڵاوسانی ٣٩ لەسەدی لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بۆ هەژارترین دەهەکەکانی ئەو وڵاتە ٥٠.٣ لەسەد ڕاگەیاندبوو.

ئاشکرایە کە ناوەندە ئامارییەکانی ڕێژیمی ئێران ئامارە ڕاست بڵاو ناکەنەوە و زۆر زیاتر لەوانە هەڵاوسان گوشاری بۆ خەڵک هێناوە.

لەئێستادا کە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانە لە ئێراندا، شەڕە دندووکی نێوان جەناحەکان و کەسەکان بۆ دەسەڵات زۆر ڕاستییان پێ دەدرکێنێ کە بۆ شکاندنی یەکتر بەکاری دێنن.