"ڕەزا ئەیاز" سەرۆکی ئیدارەی گەشتیاریی شاری "ساوە" وتوویەتی: "لە ئەگەری ئەوەیکە کەسانی بێ حیجاب یان ئەوەی شێوازی حیجابیان خراپە و لە شوێنە گەشتیارییەکانی ساوە بیانبینین، لەوانەیە هەتا یەک حەوتوو ئەو شوێنانە دابخەین".
ئەو بەرپرسەی ڕیژیم هەروەها وتوویەتی: "ئێمە هەموو هەوڵمان ئەوەیە ڕێگە لە کەسانی بێ حیجاب یان ئەو کەسانەی کە حیجابیان باش نییە بگرین بۆ ئەوەی نەچنە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانەوە".
ئەو قسانەی ناوبراو تەنیا ژنان ناگرێتەوە بەڵکوو ئەو یاسا و ڕێسایانەیان بۆ پیاوەکانیشە.
لەلایەکی دیکەوە لە زۆربەی شارەکان، گەشتی ئیرشادی ڕێژیم دەگەڕێت و چاوەدێری بەسەر خەڵکدا دەکەن.
بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە لە کاتی سەماکردنی ژنێک و دەربڕینی خۆشی و شادی لە دەرەوە، ئەندامێکی گەشتی ئیرشاد هێرش دەکاتە سەر ئەوە ژنە و لێی دەدات.
چەند مانگ پێش ڕێژیم بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێ حیجابی بودجەی "ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مۆنکەر"ی (امر بە معروف و نهی از منکر) زیاد کرد.
گوشار خستە سەر خەڵک و زۆرکردنی ئەو بودجەیە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی کوردستان و ئێران بە گشتی بەهۆی دۆخی خراپی بژێویی ژیان و چەوساندنەوەیان تووشی شەڕی دەروونی و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی دیکە لەوانە هەژاریی لەڕادەبەدەر، لەشفرۆشی، فرۆشتنی ئەندامانی لەش، منداڵفرۆشی، گیرۆدەبوون بە مادەی سڕکەر و دزی و... هتد بوونەتەوە.