کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران گەورەترین پاڵاوتگەی "ڤێنێزۆئێلا" نۆژەن دەکاتەوە

18:59 - 2 جۆزەردان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی هەوڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕێژیمی ئێران بڕیارە پاڵاوتگەی ''پاراگونا'' کە دەفرایەتییەکەی ٩٥٥ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژدایە، نۆژەن بکاتەوە.

ڕێژیمی ئێران پێشتر بۆ نۆژەنکردنەوەی بچووکترین پاڵاوتگەی ڤێنێزۆئێلا گرێبەستی واژۆ کردبوو و ئەم گرێبەستە نوێیە هاوکاریی ئەو دوو وڵاتە کە بۆ پیشەی وزەی ئەو وڵاتە گرینگە، قووڵتر دەکاتەوە.

ڤێنێزۆئێڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرییەکی ناکارامە و نەبوونی سەرمایەگوزاری وێڕای گەمارۆکانی ئامریکا بەرەوڕووە و پیشەی وزەی ئەو وڵاتە تووشی زیانێکی زۆر بووە، هەر بۆیە بەستنی گرێبەست لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وەکوو باشترین دەرفەت بۆ ڕزگارکردنی پیشەی نەوتی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار.

ڕێژیمی ئێران کە تووشی دەیان گەورەقەیران بووە و لەژێر گەمارۆی ئامریکادایە بە دەوڵەتی ''نیکۆلاس مادوروو'' سەرکۆماری ڤێنێزۆئێلا سوتەمەنی دەدات، هەتا نەوتی خاوی ئەو وڵاتە بۆ هەناردەکردن گونجاو بێت.

ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا کەرستەی بۆ نوێکردنەوەی پاڵاوتگەی ڤێنێزۆئێلا کە دەفرایەتییەکەی ١.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدایە، ڕەوانە کردووە.

هاوکاری و یارمەتیدانی ڕێژیمی ئێران بە ڤێنزوئێلا لە حاڵێکدایە کە شیرکەتەکانی چین بەهۆی مەترسی لە گەمارۆکانی ئامریکا لە هاوکاری و بازرگانی لەگەڵ شیرکەتەکانی ڤێنێزۆئێلا خۆیان دەبوێرن.