کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئێران ئەیر" بەردەوامە لە گەشتەکانی

12:10 - 21 رەشەمه 2719

لە حاڵێکدا کە زۆربەی هەرەزۆری هاتوچۆوەکان لە جیهاندا ڕاگیراوە، شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ئێران ئەیر" بەردەوامە لە گەشتە ئاسمانییەکانی.

شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ئێران ئەیر" ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ڕەشەمەوە، گەشتەکانی ئەو شیرکەتە فڕۆکەوانییە بۆ ئورووپا دەست پێدەکاتەوە.

ئەو هەوڵەی شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ئێران ئەیر"، پاش وتووێژ لەگەڵ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەکردەوەیی کراوە و بەپێی بەدواداکەوتنەکانی خۆیان، گەشتەکانی ئەو شیرکەتە فڕۆکەوانییە بۆ تەواوی شوێنەکان جگە لە ٣ شاری "ڤییەن، ئستۆکهۆڵم و گۆتنبێرگ" بەردەوامە.

ئەو ٣ شارە ئورووپاییە کە ئاماژەیان پێ کراوە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگرتووە.

لە حاڵێکدا کە تەواوی جیهان لە ئامادەباشیدایە بۆ پێشگرتن بە تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەموو هاتوچۆوە زەوینی و ئاسمانییەکانیش ڕاگیراوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە هیچکام لە یاسا و ڕێساکانی بەرگریکردن لەو ڤایرۆسە پێبەند نییە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تازە لە سەرهەڵداندا بوو و بەگشتی جیهان هاتوچۆیان لەگەڵ وڵاتی چین ڕاگرتبوو، ڕێژیمی ئێران بەردەوام بوو لە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئەو وڵاتە و بوو بەهۆی تەشەنای زیاتری ڤایرۆسەکە لە ئیراندا، بە شێوەیەک کە ١٦ وڵاتی بەو ڤایرۆسەوە تووش کردووە.