کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ بەکارهێنانی ساڵانە ٥٠٠ تۆن ماددەی سڕکەر و داکشانی تەمەنی بەکارهێنەران

14:54 - 18 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: لە ئێراندا ساڵانە ٥٠٠ تۆن ماددەی سڕکەری سەنعەتی و سوونەتی بەکار دەهێنرێت و تەمەنی بەکارهێنەران لە ئێراندا بۆ ١٥ ساڵ دابەزیوە.
بەپێی راپۆرتی رادیۆ فەردا سەرۆکی گشتیی بەرەنگاربوونە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی ئێران رایگەیاندووە کە ساڵانە ٥٠٠ تۆن لە جۆرەکانی ماددە سەنعەتی و سوونەتییەکان لە ئێراندا بەکار دەهێنرێت و لە ساڵدا لە سەدا ٨٥ی تریاک و لە سەدا ٣٥ی هێرۆئینی جیهان تەنیا لە ئێراندا دەستی بەسەردا دەگیردرێت.

ئێران لە دراوسێتیی وڵاتی ئەفغانستان یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی ترانزیتی ماددە سرکەرەکان لە جیهان دایە کە بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجام دراوە زیانەکانی بەکارهێنان و بەرهەمی ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا ١٠ هەزار میلیارد تمەن مەزەندە دەکرێت کە لەو رێژەیە سەدا ٤٧ی بەکارهێنەران، لە سەدا ٢٩ کۆمەڵگا و لە سەدا ٢٤ دامەزراوەکانی رێژیم زیانیان پێ دەگات.

لە کاتی ئێستادا لە سەدا ٦،٢ی خوێندکارانی وەزارەتی زانستی و لە سەدا ٦،١ی خوێندکارانی زانکۆکانی زانستی پزشکیی ئێران ماددەی سڕکەر بەکار دێنن.

لە ئێراندا یەک میلیۆن و ٣٢٥ هەزار کەسی گیرۆدە بە ماددەی سڕکەر ناسێندراون کە لەسەدا ٢٠ی ئەو کەسانە لە شوێنە پیشەییەکان سەرقاڵی کارکردنن، ئەو ئامارەش لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ساڵی رابردوو یەکێک لە بەرپرسانی رێژیم ژمارەی گیرۆدەبوان بە ماددە سڕکەرەکانی سێ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس راگەیاندبوو.

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی ماددە سەنعەتی و پیشەیەکان لە ئێراندا بۆ کارگە بەرهەهێنەرەکانی ماددە سڕکەرەکان و هەروەها سیاسەتی سیستماتیکی رێژیم سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی ماددەی سڕکەر دەگەڕێتەوە.