کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ کڕینی واکسەنی کۆرۆنا لە ڕێگای هەناردەکردنی گاز

11:06 - 10 بەفرانبار 2720

"ڕەزا ئەردەکانیان" وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق لە بەغدا گەیشتووینەتە ڕێککەوتن هەتا لە ڕێگای سەرچاوە داراییەکانی ئێران لەو وڵاتە پارەی کڕینی واکسەنی کۆرۆنا لە ئورووپا دابین بکەن.

وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران ئاشکرای کردووە، ئەو واکسەنە لە ڕێگای پارەی ئەو گاز و کارەبایە کە عێراق بە ئێران قەرزدارە دەکڕدرێت.

پێشتر سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی تاران لە دوای سەفەرێک بۆ بەغدا بە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە ڕێککەوتنیان لەسەر ئەوە کردووە کە دەوڵەتی بەغدا بۆ دانەوەی قەرزەکانی خۆی "خۆراک و دەرمان" بە ئێران بدات.

ساڵی ڕابردوو باس لەوە کرا کە عێراق لە بەرانبەر نەوتدا خۆراک بە ئێران دەدات، ئێستا ئەو هەواڵە لەلایەن ڕێژیمی تاران بە فەرمی پشتڕاست کراوەتەوە و تاران بە جیگای قەرزی گاز و بەرق خۆراک و دەرمان لە بەغدا هاوردە دەکات.

کاربەدەستانی ئامریکایی دەڵێن، ڕێژیمی ئێران لە داهاتێک کە لە ڕێگای فرۆشی نەوت بەدەستی دێنێت، یارمەتی و پشتیوانیی ماڵی تێرۆریستان دەکات، هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە پێبەندی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بن، بۆ ئەوەی سەرچاوەی یارمەتییەکانی تێرۆریستان وشک بکەن.