
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانبار، دادگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە "شیکاگۆ"، حوکمی دەسبەسەرکردنی بۆ کەسێکی ئێرانی بە ناوی "کامبیز عەتار کاشانی" دەر کرد و ڕۆژی هەینی ٢٤ی بەفرانبار تاوانبار ڕووبەڕووی دادگا کرایەوە.
بەپێی سەرچاوەکان تاوانبار ویستوویەتی لە کۆمپانیاکانی ئامریکاوە هەندێک ئامرازی ئێلێکترۆنیکی بەدەست بخات و بۆ بانکی ناوەندیی ئێرانی هەناردە بکات.
"پارێزەری ئاشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان" لەوبارەوە وتی: "تاوانبار لە دوو کۆمپانیای ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وەکوو کڕیار بۆ بەدەستخستنی چەندین ئامرازی ئێلێکترۆنیکیی ئامریکایی بە تایبەت کۆمپانیایەک لە برۆکلین کەڵکی وەرگرتووە".
هەروەها زیادی کردووە: "ئێمە کاشانیمان بەهۆی ئەوەی کە ویستوویەتی لە ڕێگای فریودانی کۆمپانیا ئامریکاییەکان هەندێک ئامرازی ئێلێکترۆنیکیی پێشکەوتوو بۆ ئێران دابین بکات، دەسبەسەر کردووە".
"بوناولونتا" بەرپرسی کاروباری ئێف.بی.ئای (FBI) لەوبارەوە وتوویەتی: "ئەو ئێرانییە بە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی ئابووریی یەکێک لە وڵاتەکانی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا و هەروەها لەژێرپێنانی یاسای ئامریکا لە بابەت گەمارۆی ناوکیی ئێران، قازانجی کردووە".
ساڵانە چەندین کەس و کۆمپانیا بە تاوانی سیخوڕیکردن و هاوکاریکردنی ئابووری و ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە سزا دەدرێن.