کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێس ٣٠٠ پشتیوانی لە تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران دەکات

11:40 - 13 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە دوای ڕادەستکردنی قەڵغانی دژە مووشەکیی ئێس ٣٠٠ لە لایەن ڕووسیە بە سووریەوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

دەوڵەتی ڕووسیه قەڵغانی دژه مووشەکی ڕادەستی سووریە کردووە کە ئامریکا ئەو کردەوەیەی بەرپرسانی ڕووسیەی بە پشتیوانی لە چالاکییە "شەڕەخوازییەکانی" ڕێژیمی ئێران لە سووریە  وەسف کردووە.

لەو بارەیەوە ژنێراڵ "ژۆزێف ووتڵ" سەرۆکی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا و و فەرماندەی هێزەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕۆژی پێنجشەممە، وێڕای ئەوەی کە نیگەرانی خۆی لەو کردەوەیەی ڕووسیە دەربڕی و گوتی کە ڕادەستکردنی ئێس ٣٠٠ دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە.

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ئامریکا باسی لەوەش کردووە، کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە ڕێژیمیکی زاڵمی وەک ئەسەد دڕێژە بە شەڕی ٧ ساڵەی سووریە دەدات.

ناوبراو جەختی کردووەتە ئامانجی ئامریکا شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نییە و مەئمووریەتێکی لەم چەشنەشی پێ نەدراوە بەڵام پێنتاگۆن لە کاتی پێویستدا وڵام دەداتەوە.

پێشتریش هەواڵدەریی "المصدر" لە ڕاپۆرتێکدا، ئاماژەی به ئامادەبوونی رێژیمی ئێران بۆ یارمەتیدانی سووریه لە بواری چەکوچۆڵ و هەروەها دابینکردنی فڕۆکە و موووشەکی ئێس ٣٠٠ به ئەرتەشی ئەم ڕێژیمە کردبوو.

ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی پێداگرن کە دەبێت ئێران لە سووریە بکشێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کشانەوەی خۆیان لە سووریە بە هێڵی سوور دەزانن.

پۆمپێئۆش هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران داوە کە ئەو ڕێژیمە دەبێ هەموو هێزەکانی خۆی لە سووریه بکشێنێتەوە.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، زیاتر لە ٣٠٠ و ٧٠ هەزار هاووڵاتی کوژراون و زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەو ڵاتە ئاوارە بوونه، ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەکیەوە بەرگری لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابین کردنی چەکوچۆڵ، شان بە شانی شەڕ دەکات.