کوردستان میدیا: لە پارێزگای ئیلامدا سەرەڕای بوونی دەیان کێشەی دیکە، ئێعتیادیش وەکوو گرفتێکی کۆمەڵایەتی، بەرۆکی ئەم پارێزگایەی گرتووە و ڕووی لە پەرەسەندنە.
"ساسان کەرەمشاهی"، سەرۆکی شۆرای هاوئاهەنگیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی ڕێژیم لە پاریزگای ئیلام، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" وتی: "شوێن پێی ئێعتیاد لە خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی ئیلامدا بەرچاوە".
ناوبراو باسی لەوە کردووە کە لە پاریزگای ئیلامدا ١٢هەزار تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان بوونی هەیە و لە هەر ١٠٠ کەس لە ئیلامدا ٢ کەس بە جۆرەکانی ماددە سڕکەرەکان گیرۆدە بووە، کە ئەم ئامارە بە سەرنجدان بە حەشیمەتی ٦٠٠ هەزار کەسیی پارێزگای ئیلام، مەترسیدارە.
سەرەڕای ئەوەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ دیاردەی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت لە نێوان لاوانی ئەو وڵاتەدا ساڵانە ئامارێکی بەرچاو تۆمار دەکرێت، ڕێژیمی ئێرانیش نەتەنیا هیچ بایەخێک بە چارەسەریی ئەو دیاردە مەترسیدارەیە نادات، بەڵکوو خۆی سەرچاوەی سەرەکیی بڵاوکردنەوە ماددە هۆشبەرەکانه.