کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعتیاد لە شارەکانی کوردستان بەردەوام پەرە دەستێنێ

11:02 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: سیمای شارەکانی کوردستانی ئێران بە بوونی دیاردەگەلی دزێوی کۆمەڵایەتی بە تەواوی خەوشدار بووە و کەم شوێنی شارەکانی هەیە کە تێیدا خەڵک بینەری زیادبوونی دیاردەکانی وەک ئێعتیاد نەبێت.

کارناسان و چاوەدێرانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بە نیگەرانییەوە لە دۆخی کۆمەڵگای کوردستان دەڕوانن و دەڵێن نەبوونی پلانی تۆکمە و بەرنامەداڕێژی درووست بۆ بەرەوڕووبوونەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئێعتیاد شارەکانی کوردستانی لەگەڵ گرفتی جیددی بەرەوڕوو کردووە و ئەگەر دامەزراوە و نیهادە سەربەخۆکان هەوڵێک بۆ بنبڕکردنی ئەم کێشانە نەدەن، لە داهاتوویەکی نیزیکدا کۆمەڵگای کوردستان دەبێتە گۆڕەپانی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان.

مامۆستایەکی زانکۆ لە کوردستانی ئێران لەمبارەوە بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: بەداخەوە تا ئێستا هیچ ئامارێکی ورد و درووست لەسەر ڕێژە و تەمەنی تووشبووان بە ئێعتیاد لە کوردستان و ئێران بوونی نییە و دامودەزگا پێوەندیدارەکان ئامادە نەبوون ئامارێکی ڕاستەقینە بدەن بە دەستەوە بەڵام چاوخشاندنیکی خێرا و بەپەلە بەسەر ڕەوشی شارەکانی کوردستان ئەو ڕاستییەمان پێدەدات کە کوردستان لە دۆخێکی قەیراناویدا بەسەر دەبات.

بەوتەی ئەم مامۆستایەی زانکۆ کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، پڕئاشکرایە تەمەنی تووشبووان بە ئێعتیاد بۆ خوار 18 ساڵ دابەزیوە و تەنانەت خۆی خزاندووەتە نێو بنەماڵەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان، ناوەندە فەرهەنگی و هوونەرییەکان و ئەو شوێنانەی کە دەبێ بەرەوڕووی دیاردەی دزێوی ئێعتیاد بن، بۆ خۆیان بوونەتە بەشێک لەم گرفتە.

بەپێی ئامارەکان دیاردەی ئێعتیاد کە هەنووکە لە کوردستاندا پەرەی سەندووە بە دوای خۆیدا کۆمەڵێک خەساری جیددیش دەهێنێ کە بە کورتی بریتین لە: زیادبوونی گەندەڵی، دزی، سواڵ کردن، شەڕفرۆشی، ئەیدز و ... .