کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدام پێناسەی پڕ بەپێستی کۆماری ئیسلامی

23:36 - 14 بانەمەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەبارەت بە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ ڕاپۆرتێکیان بڵاو کردەوە کە دەری دەخات ڕێژەی ئێعدامەکان بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە و ململانێی نێوان ئێرانی ئیسلامی و چینی کۆمۆنیستی بۆ پلەی یەکەمی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ هەروا بەردەوامە!

لە چواردەیەمین ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران و ڕێکخراوی "پێکەوە دژ بە ئێعدام"ی فەڕانسەویدا کە وەک خۆیان دەڵێن ناتوانێ وێنای ڕاستەقینەی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران بێت هەندێک خاڵی جێگەی سەرنج هەیە کە لێرەدا هەوڵ بۆ شەنوکەوکردنیان دەدرێ.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژەی ئێعدامەکان کە ٣٣٣ کەس بووە و ٢٥٪ بەبەراورد لەگەڵ ٢٠٢٠ زیادی کردووە، لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠٢١ واتە پاش هاتنە سەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی بەبەراورد لەگەڵ نیوەی یەکەمی هەمان ساڵ ١٠٠٪ چوونەسەری بەخۆوە بینیوە. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە هاوشێوەی ئەم ڕەوتە لە هەڵکشانی ئێعدام لە ساڵی ٢٠١٣ و پاش هاتنەسەرکاری ڕوحانیش بیندرا کە لە هەر دوو دەورەدا ئێمە بینەر و شاهیدی پرسێکی سیاسی بووین؛ ئەویش دەسپێکردنەوەی وتووێژەکانی بەرجام بوو. کە ئەم پرسە ئەو کەتوارەمان جارێکی تر پیشان دەداتەوە کە هەر کاتێک تاران لەلایەنی دەرەکییەوە بکەوێتە ژێر گوشار تۆڵەی بێدەسەڵاتی و لاوازییەکانی خۆی لە خەڵکی ناوخۆ دەکاتەوە و ئێعدامکردن باشترین و کەمتێچووترین ئامرازی بەر دەستییەتی. بە دیوێکی تریشیدا ئەم وێکچوونە دەری دەخات کە گرینگ نییە کێ لە ئێراندا دەسەڵاتی ئیجرایی دەگرێتە دەست بەڵکوو ئەوەیکە گرینگە ویستی تاقە سەرچاوەی بڕیار واتە وەلی فەقیهە و بەپێی ناسیاوییەک کە لەم ڕێبەرەی ڕێژیم هەیە ناوبراو لە سێ حاڵەتدا بڕیار بۆ ئێعدامی بەلێشاو دەدات: یەکەم کاتێک کە لەلایەن دنیای دەرەوە بخرێتە ژێر گوشار، دووهەم ئەو کاتەی کە ئەگەری ئێعتراز و ناڕەزایەتی‌دەربڕینی جەماوەری بێتە ئاراوە و سێهەم ئەو کاتانەی کە کۆمەڵگای جیهانی سەرنج بخاتە سەر پرسە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی پێوەندیدار بە ئێران و چاوی لە ئاست پرسی مافەکانی مرۆڤ بنوقێنێ.

هەر لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین بەپێی ئەزمون هەر کاتێک کە ئێران و ڕۆژاوا لە ڕەوتی دانوستانەکانی بەرجام بە شوێنێک دەگەن کە جۆرێک لە دڵنیایی لێ شین ببێ، دەبینین کە ڕۆژاواییەکان پرسی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکارییەکان و تاڵانکارییەکانی نێوخۆی ئێران نابینن یان خۆیانی لێ گێل دەکەن تاکوو بەشکەم بتوانن بە ئەنجامێکی دیار بگەن و هەر ئەمەش وا دەکات کە تاران دەستی لە ئێعدام و سەرکوت ئاوەڵا ببینێتەوە.

پرسێکی دیکەی جێگەی سەرنج کە لە نێواخنی ئەم ڕاپۆرتەدا دەتوانین لێی هەڵێنجێنین ئەو کەتوارەیە کە حوکمی ئێعدامەکان لە ئێران پاش دادگاییەکی فەرمایشی، بێ هەبوونی پارێزەر و بەپێی یاسایەکە کە بەرژەوەندییەکانی سیستمی حاکم دەپارێزێ نەک بەرژەوەندییەکانی خەڵک؛ هەر ئەمەش وای کردووە کە ناوەند و نیهادە ئەمنیەتی و بەناو قەزاییەکان لە ئێران دەستیان ئاوەڵا بێت بۆ وەرگرتنی ئێعترافی زۆرەملێ و لە ئەنجامیشدا جێبەجێکردنی حوکمی ناڕەوای ئێعدام کە زۆر جاران بە بێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەری تۆمەتباران ئەنجام دراوە؛ کە لانیکەم بۆ ئەم مەسەلە، ئێمە لە کوردستاندا کەیسی کەسانێکی وەک شەهیدان حەیدەر قوربانی، هیدایەت عەبدووڵڵاپوور، ڕامین شەریفی، ڕامین حسەین‌پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی و دەیان کەسی دیکەمان هەیە کە بە بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان، بێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان و تەنانەت پارێزەرەکانیان لە سێدارە دراون.

ڕەهەندێکی تری ئەم باسە کە دەبێ ئاوڕی لێ بدەینەوە پێملبوون بەو ڕاستییەیە کە ئەگەر سزای ئێعدام بە مەبەستی بنبڕكردن یان كەمكردنی تاوان‌ و توندوتیژی بێت، بە بڕوای خاوەنڕایانی وەك كارل ماركس، بێنجامین راش، جان پۆل ئیستینووس‌ و ئاكامی توێژینەوەی چەندین ئەنجومەن ‌و ناوەندی كۆمەڵی تاوانناسی، سزای ئێعدام بۆ كونتڕۆڵی تاوان ‌و جینایەت كاریگەریی نییە. سزای ئێعدام لەوانەیە برینی كەسانێك ساڕێژ یان فیكر‌ و هەستی تۆڵەسەندنەوە هێمن بكاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا كێشەیەك لە كۆمەڵگا چارەسەر ناكات.

هەنووكە تەنیا لە ٥٨ وڵات لە جیهاندا سزای ئێعدام بەڕێوە دەچێت‌ و ١٣٩ وڵات بە تەواوی سزای ئێعدامیان هەڵوەشاندۆتەوە کە یەكێك لەو وڵاتانەی هەنووكەش سزای ئێعدامی تێدا بەڕێوە دەچێت كۆماری سەدەنێوەڕاستی ‌و پێش چاخی مودێڕنی ئیسلامیی ئێرانە. لەو وڵاتەدا بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام نەتەنیا قۆرخكراوی دەسەڵاتدارانی سەرەڕۆیە، بەڵكوو بە شێوەی تاكەكەسیش (قەساس‌و...) هەر بڕەوی هەیە.

کۆتاقسەش لەم دەرەتانە کورتەدا ئەوەیە کە تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی کە حوکمی ئێعدام بەڕێوە دەبەن ئەوەیە کە بەم شێوەیە پێش بە ڕوودانی تاوانە قورسەکان دەگیرێ و ئەم ڕێکارە دەبێتە هۆی سەقامگیری ئەمنیەت و ئاسایش لە کۆمەڵگەدا بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کێشەی تاوان و کێشە جیناییەکان هیچ کات بە لەسێدارەدان چارەسەر نەبووە و نابێ؛ ئەوەیکە دەبێتە هۆی کەمبوون یان بنبڕبوونی تاوانکارییەکان لەنێوبردنی هۆکارە پێکهێنەرەکانی ئەو تاوانەیە. ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا ئەم هۆکارانە بنبڕ نەکرێن هەرچەندەش ئێعدامەکان زیاتر بن دووبارە کەسانێکی تر تووشی ئەو جینایەتانە دەبنەوە و جێگەی تاوانبارە ئێعدامکراوەکان دەگرنەوە. ئەمە خولخواردنەوەیە لە نێو بازنەیەکی تەواونەبووی بەردەوام. ئەوەیکە ڕوونە و هەموو کۆمەلناسانیش لەسەری کۆدەنگن ئەو ڕاستییەیە کە ئێعدام بەتایبەت لەپێش چاوی بیروڕای گشتی جگە لەوەیکە توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا بەرهەم دەهێنێت بەڵکوو دەبێتە هۆی دووبارەبەرهەمهاتنەوەی توندوتیژی و تاوان لە کۆمەڵگەدا.