کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێلیووت ئابڕامز: هێرشی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی دژکردەوەی توندی ئامریکای بەدواوە دەبێت

12:43 - 1 سەرماوەز 2720

"ئێلیووت ئابڕامز" نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاروباری ئێران وتوویەتی: "دژکردەوەی ئامریکا بەنیسبەت هێرشەکانی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی دژی بەرژەوەندیی ئامریکا و هێزەکانیان لە ناوچەکە زۆر توند دەبێت و ئێران لە کردەوەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە".

"ئابڕامز" لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی "ئەلعەرەبییە" وتوویەتی: "ئێران خۆی سەرقاڵی نائەمنکردنی ناوچەکە و پەرەپێدانی تێرۆریزم کردووە، هەر بۆیە لەسەر بەرژەوەندیی خۆی لەگەڵ ئەندامانی ئەلقاعیدە کە چالاکیی تێرۆریستی دەکەن هاوکاری دەکات".

ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە: "ئامریکا حەز بە شەڕ لەگەڵ هیچ وڵاتێک ناکات، بەڵام ئەگەر ئێران و دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە یان هەر جێگایەکی دیکە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئامریکا یان خراپتر لە هەموو شتێک سەربازێکمان بکوژن، لەگەڵ قورسترین دژکردەوەی ئێمە بەرەوڕوو دەبێتەوە".

"ئابڕامز" بەنیسبەت ئەو پرسیارەی کە ئەگەری هێرشی "دانڵد ترامپ" بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هەیە وتوویەتی: "ئەو پرسە بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران پیوەندیی هەیە، ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەست لە کردەوەی تێرۆریستی هەڵنەگرێت و چالاکییە نیزامییەکانی ببێتە هۆی کوژرانی هێزە ئامریکاییەکان، ئەوا ئەو بژاردەیە لەبەر دەستدایە".