کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێلیووت ئابڕامز: ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە و ئیزن نادەین دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات

12:45 - 26 سەرماوەز 2720

"ئێلووت ئابڕامز'' نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز وتوویەتی؛ ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهانە و ئێمە لەگەڵ ڕێژیمێکی توندئاژۆ بەرەوڕووین کە له یاسای نێونەتەوەیی پێڕەوی ناکات.

ناوبراو جەختی کردەوە کە واشنتۆن نایهەوێت ڕێژیمی ئێران کە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهانە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران باسی لەوە کرد کە ئەو گەمارۆیانەی کە لە بواری مافی مرۆڤ و بەرەنگاری لەگەڵ تێرۆریزم لە ماوەی دەسەڵاتداریی ''ترامپـ''ـدا لەسەر ڕێژیمی ئێران دانراون گەڕانەوەیان نییە.

''ئابڕامز'' وتوویەتی، لە بابەت وڵاتێکی داخراوی وەکوو ئێران کە میدیای ئازادی نییە و ڕۆژنامەوانان لەو وڵاتەدا بەردەوام زیندانی و تەنانەت ئێعدام دەکرێن، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی تەنیا ناوەندێکە کە لە ڕێگای ئەوەوە دەتوانرێت بە شێوەی پسپۆڕانە و سەربەخۆ بەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران چاوەدێری بکرێت.