کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە چیمان دەوێ، ئەوان چییان دەوێ؟!

23:10 - 9 جۆزەردان 2722

ئاسۆ مینبەری

٤٣ ساڵە کە ڕێژیمی دڕندەی ئاخوندی خۆی بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا فەرز کردووە، لە تاڵانکردنی سەروەت و سامانەوە هەتا جۆرە جیاوازەکانی سەرکوت و نیشاندانی دڕندەیی خۆی هەمووی بە سەر خەڵکانی نیشتەجێ لەم جوگرافیا دەسکردەدا تاقی کردوونەتەوە بەڵام هێشتا تینووی گیانی خەڵکە!

ڕۆژ نییە لە سووچێکی ئەو جوگرافیایەدا، تاوان و کارەساتێک نەقەومێ و بە لێکدانەوە و وردبوونەوە لە سەرەداوەکان، کۆتاییەکەی نەگاتەوە بەم دەسەڵاتە پڕ لە ڕق و قینە.

ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی پڕ لە شەرمی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژە، بەڕوونی دەری دەخات کە هەر لە سەرەتاوە بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیان بە دەرفەتێک زانی بۆ ئەوەی کە ماڵوحاڵی خەڵک تێک بدەن تاکوو بتوانن گرێ دەروونییەکانی خۆیانی پێ ساڕێژ بکەن، هەر لەم پێناوەشدایە کە تاکوو ئێستا بە هەزاران کەس لە جیابیران و ڕەخنەگرانیان لە سەر ڕێگەیان لابردوون و ئێرانەکەی خۆیان کردووەتە گۆمێکی پڕ لە خوێن کە هەر جارەو لە شوێنێکەوە، ئەم گۆمە دەشڵەقێ و دڵۆپەکانیشی دەبنە هەوێنی سەرهەڵدانەوەیەکی نوێ!

لە سەردەمی شۆڕشی ٥٧دا و لەو کاتەوە کە خەڵکانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕژابوونە سەر شەقامەکان و دروشمیان بۆ هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێک دەدا کە هێشتا چییەتییەکەی ناڕوون بوو، کوردستان لە دۆخێکی جیاوازتردا بوو و هەر بۆیەش جیاوازتر دەیڕوانییە بابەتەکە.

بە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی لە لایەن ڕێژیمی خومەینییەوە، کوردستان زۆر وشیارانەتر لەگەڵ ئەم بابەتە جووڵایەوە؛  د.قاسملووی نەمر وەک ڕێبەرێکی وشیار و تێگەیشتوو بەهۆی نەناسیاوبوونی ڕێژیمە تازە بە دەسەڵاتگەیشتووەکە و ناڕوونبوونی ئامانج و بەرنامەکانی، بوو بە سەرقافڵەی خەباتێک بە دژی ستەم و پاوانخوازی کە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم خەباتە ڕەوایە هەر درێژەی هەیە.

لەڕاستیدا خواستی ئەوکاتی خەڵکانی ئێران زیاتر لە هەر شتێک ڕزگاربوون لە چنگ دەسەڵاتی پاڵەوی بوو، بۆیە بە بێ خوێندنەوەیەکی واقعبینانە هاتنە سەر شەقام، دروشمیان دا و داهاتووی نەوەی ئێستایان بە شێوازی ئەمڕۆ دیاری کرد، داهاتوویەک کە نە لەگەڵ ئامانج و ئاواتەکانی خۆیان تەبایە و نە نەوەی نوێش لێی ڕازین! بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەوانەی لە بونیاتنانی ئەم ڕێژیمەدا ڕۆڵیان گێڕا و هەنووکەش ئاکامە نالەبارەکەی دەبینن شانازی بە کردەوە قێزەونەکانیانەوە دەکەن!

بەڵام ئەوەی کە وەکوو کەتوارێکی گرینگ دەبێ چاوی لێ بکرێت، بازنەی خواستەکان و داخوازییەکانە! پاش زیاتر لە ٤ دەیە ئێستاکەش ئەگەر ناڕەزایەتییەک لە ناوەندی ئێراندا ڕوو بدات، بێگومان مەبەستی سیاسی لە پشت نییە و داخوازییەکان لە ئاستێکی بچووکدا ماونەتەوە. ناوەناوە دەبینین کە لە شارە جیاوازەکاندا ناڕەزایەتیی سەرهەڵدەدات، بەڵام هۆکارەکان چین؟

لە خەزەڵوەری ٩٨دا، نرخی بێنزین گران بوو، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان بەڵام کوشتار و سەرکوت لە جوگرافیای نەتەوە بندەستەکاندا زۆر زیاتر بوو، سێنفە جیاوازەکان لەم ساڵانەدا بە دەیان جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام دیسان دۆخی خەڵکانی نەتەوە ستەملێکراوەکان جیاوازترە، لە عەبادان بینایەک دەڕووخێ و بە سەدان ئاوات و ئارەزووی خەڵک دەچنە ژێر خاک، کۆبوونەوەی خەڵک بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان، دەبێتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی هەزاران کەسی بە دژی تەواویەتی ڕێژیم و دروشمەکان رادیکاڵ دەبنەوە، هاوکاتیش سەرکوتکارییەکان ڕادیکاڵتر! لە کوردستان بچووکترین ڕووداو دەبێتە هەوێنی سەرهەڵدان بە درووشمگەلی نەتەوەییەوە و دەرفەتێک بۆ بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتێکی خوێنمژ! بەڵام بۆچی دۆخەکە لە ناوەند ئاوایە و بۆچی سەرکوتکاری کەمترە؟

لەڕاستیدا زۆرجار باس کراوە کە داخوازییەکانی ئێمە وەکوو نەتەوە بندەستەکانی جوگرافیای دەسکردی ئێران، زۆر جیاواز لە داخوازییەکانی خەڵکانی ناوەندنشین و سەر بە دەسەڵاتن. ئێمە وەکوو نەتەوەکانی دیکەی جگە لە فارس بە درێژایی مێژووی ئەم رێژیمە دڕندەیە وەکوو میوان لە سەر خاک و زێدی خۆمان چاومان لێ کراوە و لە لایەن دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی ئێرانەوە، تاڵان کراوین، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە داخوازییەکانمان هەمیشە بۆنی خواستی نەتەوەیی پێوە بێت بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە تاران و ئێسفەهان و باقی شارەکانی دیکەدا دەبینرێت.

داگیرکرانی ئاو و خاک، وای کردووە کە خەمی منی کورد بە پێچەوانەی خەڵکانی ناوەند، تەنیا ژەمەنانێکی شەو و جلوبەرگێکی نوێ و نەهێشتنی حیجابی زۆرەملێ نەبێ کە لە ئەگەری دابینبوونیدا دەست لە داواکارییە ڕەواکانم هەڵبگرم، کەوایە زۆر گرینگە کە بزانین ئێمە چیمان دەوێ و ئەوان چییان دەوێ؟!

ساڵانێکی زۆرە کە سامانی نەتەوەییمان بەتاڵان دەبەن، سەرکوتمان دەکەن و دەمانکوژن تاکوو پێمان بڵێن ئێمە سەردەستین و ئێوە چەوساوە، خاکەکەتان بەجێ بهێڵن تاکوو داگیرکاریمان پەرە پێ بدەین، بێئاگان لەوەیکە خواستەکانی ئێمە بەندن بە نیشتمانەکەمانەوە و ئەوە ئەوانن کە دەبێ ئەم نیشتمانە بەجێ بهێڵن.