کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە کوردین دروشمێک لە بەرانبەر داگیرکەردا

11:29 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە باکووری کوردستان بە دژی قسە فاشیستییەکانی سەرکۆماری تورکیە، هاووڵاتییان لە یاریگەی تۆپی‌پێدا یەکدەنگ دروشمی "ئێمە کوردینـ"ـیان بەرز کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لایەنگرانی یانەی تۆپی‌پێ لە دیاربەکر لە باکووری کوردستان، لە کاتی یاریدا یەکدەنگ دروشمی ئێمە کوردینیان بەرز کردەوە.

دروشمی "ئێمە کوردین"، کە لە لایەن لایەنگرانی تۆپی‌پێ لە یاریگەی دیاربەکر بەرز کرایەوە، لە وڵامی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"دا بووە، کە ناوبراو چەند ڕۆژ پێش لە کاتی بانگەشەکانی بۆ هەڵبژاردنی تورکیە وتبووی: کوردستانێک بوونی نییه.

ئەردۆغان سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، لە شاری ئارتڤین وتبووی: "لە وڵاتی ئێمەدا ناوچەیەک ھەیە بە ناوی "کوردستان"؟ ئێستا دەزانن بۆ باسی "پرسی چارەنووس'' دەکەین؟ لە وڵاتی ئێمەدا ئانادۆڵی ڕۆژھەڵات ھەیە، باشووری ڕۆژھەڵاتی ئانادۆڵ ھەیە، ئێمە دەریای ڕەشمان ھەیە، ئێمە دەریای سپیمان ھەیە، ئێمە ئانادۆڵی نێوەڕاستمان ھەیە، ئێمە ئیژەمان ھەیە، ئێمە مارمەرامان ھەیە و ٧٨٠ ھەزار کیلۆمیتر خاکی نیشتمانی ئێمەیە، بەڵام ئەگەر کوردستانتان دەوێت، ئەوە لە باکووری عێراق کوردستان ھەیە، بڕۆنە ئەو شوێنە. ئێمە ڕێگە نادەین ئێوە ئەم خاکە دابەش بکەن".