کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمەی ئێمە و ئێمەی ئەوان جیاوازە

11:22 - 7 پووشپەڕ 2719

ئاویەر شێخی

گەمارۆوە نوێیەکان بۆ سەر ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و چەند فەرماندەیەکی ئەو ڕێژیمە، لە کاتێکدا بوو کە بەرپرسانی ڕێژیم بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد، کە هیچ شتێكی دیکە نەماوە هەتا ئامریکا تەحریمی بکات. بەڵام لەوپەڕی ناباوەڕیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیدا، دەوڵەتی ئامریکا، ڕێبەری ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە و فەرماندە تێرۆریستەکانی تەحریم کرد.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، "حەسەن ڕووحانی"، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتەکەی، لە بارەی گەمارۆ خستنە سەری ڕێبەری ئەم ڕێژیمە ڕایگەیاندبوو: "دەوڵەتی ئامریکا دەیهەوێت دەست بەسەر داراییەکانی ڕێبەردا بگرێت، لە کاتێکدا تەواوی داراییەکانی ڕێبەرمان، تەنیا حسێنییەیەک و ماڵێکی سادەیە و هیچ جۆرە سەروەت و سامانێکی لە دەرەوەی وڵاتدا نییە".

ئەم قسانەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە، کە باڵوێزی ئامریکا لە عێراق، مانگێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە داراییەکانی "عەلی خامنەیی"، خۆی لە دەوری ٢٠٠ میلیارد دۆلار دەدات.

ئێستا پرسیارەکە لێرەدایە، لە کاتێکدا کە گرانی باڵی بەسەر هەموو ئێراندا کێشاوە و خەڵکی بۆ دابینکردنی ژەمێکی ئاسایی نان، لەگەڵ کێشە بەرەوڕوون، چۆن ڕێبەری وڵاتەکەی، داراییەکی لەم چەشنەی هەیە؟

ئەم پرسیارە تەنیا یەک وڵام هەڵدەگرێت، ئەوەش ئەوەیکە ڕێبەران و کەسانی کاربەدەستی ئەم ڕێژیمە، هەموو سەروەت و سامانەکانی ئەم وڵاتەیان قۆرغ کردووە و بۆ خۆشگوزەرانیی خۆیان و ئاغازادەکانیان بەکاری دەهێنن.

ڕێبەری ئەم ڕێژیمە لە کاردانەوە بە هەواڵی تەحریمکردنی، دەوڵەتی ئامریکای وەک گڵاوترین وڵاتی جیهان پێناسە کردووە و بە هۆکاری شەڕ، ئاڵۆزی و ئاژاوەگێڕی زانیوە و وتوویەتی: "خەڵکی شەریفی ئێران هەموو ڕۆژێک دەخاتە بەر سزا و تۆمەت، بەڵام  ئەم کارە ناشرینانەی ئامریکا نابێتە هۆی شکستدانی خەڵکی ئێران".

ئەمە یەکەم جار نییە، بەم شێوەیە کاربەدەستانی باڵای ڕێژیم، بەم شێوەیە و لە زاری خەڵکی ئێرانەوە بانگەشە بۆ بێئاکامیی گەمارۆ و گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە دەکەن و بەردەوام ئەوە دەڵێنەوە کە گەمارۆکانی ئامریکا، کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک دانەناوە و خەڵکی بە بەهێزییەوە ڕووبەڕووی ئامریکا دەبنەوە.

ئایا دەکرێت مەبەستی ڕێبەر و  بەرپرسانی ڕێژیم، هەمان خەڵکانی ئێران بن کە لە ئێستادا زیاتر لە ٨٠ لەسەدیان لەژێر هێڵی هەژارییەوە ژیان دەکەن، یاخود مەبەستی لە خەڵکی ئێران تەنیا کەسانێکی دیاریکراو لە چوارچێوەی کەسانی کاربەدەست و ئاغازادەکانە؟

بە لەبەرچاوگرتنی ژیانی خەڵکانی ئێران، بەتایبەتی نەتەوە غەیرەفارسەکان، دەتوانین لەوە تێبگەین، کە ئەو خەڵکی ئێرانەی بەرپرسانی ڕێژیم باسی دەکەن، بەتەواوی جیاوازە و هیچ مەبەستیان لە خەڵکانی دانیشتووی ئێران نییە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتێکدا باس لە کاریگەرنەبوونی گەمارۆکانی ئامریکا دەکەن، کە لە دوو ساڵی ڕابردووەوە، گرانییەکی لەڕادەبەدەر باڵی بەسەر بازاڕی ئێراندا کێشاوە و بەشێکی زۆری خواردەمەنییەکان لە سفرەی خانەوارەکان، بەهۆی گرانی و نەبوونیان لە بازاڕەکاندا لابراون.

گرانی و خراپیی دۆخی ئابووری لە لایەکەوە بۆ خەڵک کێشەساز بووە و لە لایەکی ترەوە داخرانی شیرکەت و کۆمپانیاکانیش بووەتە هۆی بێکاربوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵک. بەڵام بێگومان  ئەم دۆخە، ئەو خەڵکانەی نەگرتووەتەوە کە بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام باسیان دەکەن، واتە ئەو خەڵکانەی کە بۆ ژەمە خۆراکییەکانیان لە گۆشتی ڕووکەشکراو بە ئاڵتوون کەڵک وەردەگرن.

دەکرێتیش بەرپرسانی ڕێژیم کاتێک باسی ئێمە دەکەن، مەبەستیان ئێمەی خۆیان بێت و ئەو ئێمەیە خەڵکانی ئێران نەگرێتەوە، بەڵکوو جیا لە ئاغازاد و بەرپرسەکانی ڕێژیم، خەڵکانی وڵاتانی: فەلستین، نیجرییە، کینیا، غەنا، یەمەن و لوبنان بگرێتەوە.

لە کاتێکدا بەشی زۆری ناوچەکانی سیستان و بەلووچستان بەدەست کەمیی نەخۆشخانە و خزمەتگوازرییە تەندروستییەکانەوە دەناڵێنن، بە وتەی خودی بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە گەندەڵە، ناوەندی تەندروستیان لە وڵاتانی ئەفریقایی دروست کردووە، وێدەچێت خەڵکی ئەم وڵاتانە، ئەو خەڵکە ئێرانییە بن کە بەرپرسانی ڕێژیم باسی دەکەن کە بە هیچ شێوەیەک گەمارۆکان کاریگەری لەسەریان دانەناوە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، کە ئەو ئێمەیەی بەرپرسانی ڕێژیم باسی دەکەن، بەتەواوی جیاوازە لەو ئێمەی خەڵکانی دانیشتووی وڵاتی ئێران و کوردستان بەتایبەتی، کە گوشاری ئابووری و نەبوونی هیچ جۆرە ئازادییەک بەتەواوی بووە بە هەژموونیی زاڵ بە سەر ژیانیان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.