کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێن.پی.ئار: ڕێژیمی ئێران لە هاویشتنی ماهوارەیەکی دیکەی ناسەرکەوتوو بووە

12:19 - 18 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: تۆڕی نەتەوەیی ڕادیۆکانی ئامریکا، هەواڵی هەوڵی هەناردەکردنی ماهوارەیەکی ناسەرکەوتووانەی ڕێژیمی ئێرانی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، تۆڕی نەتەوەیی ڕادیۆکانی ئامریکا، لە هەواڵێکیدا وێنەگەلێکی بڵاوکردەوە کە نیشانی دەدات، ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی ناسەرکەوتووانەی لە هەناردەکردنی ماهوارە بۆ بۆشاییی ئاسمان هەبووە.

ئەم وێنانە لە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ماهوارەی لە سانفرانسیسکۆ تۆمار کراوە و بە ئەم تۆڕەی داوە، کە لە وێنەکاندا هەندێک درز لەسەر سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەک دەبینرێت و کارناسانی کۆمپانیای لێکۆڵینەوە گەردوونی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەم درزانە نوێن.

هەر بە وتەی لێکۆڵەرێک لەم ناوەندە، وێدەچێت مووشەکەکە کێشەیەکی هەبووبێت و نەیتوانیبێت ماهوارەکە بگەیەنێتە جەغزی زەوی.

هەروەها لە مانگی ڕابردوودا، محەممەدجەواد ئازەریی جەهرۆمی، وەزیری پێوەندییەکان و فەناوەری زانیارییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەواڵی هەوڵێکی ناسەرکەوتووانەی ڕێژیمی بۆ هەناردکردنی ماهوارەیەک بۆ فەزای بڵاو کردەوە.

ئامریکا هاویشتنی ماهوارەی بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش زانیبوو و فەڕانسەش داوای لە ڕێژیمی ئێران کردبوو، لە هاویشتنی ماهوارە خۆی ببوێرێت.