کوردستان میدیا: ئێوارە شێعرێک لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی "قەڵەمی هاوچەرخی کورد" لە شاری پاوە بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە ۱۸ی گەلاوێژ، ئێوارەشێعرێک لەژێر ناوی "پلوورەوارانێ دەنگەکان"، بە بەشداریی دەیان کەس لە شاعێرانی شارە کوردنشینەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە میوانان و کەسایەتییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی کورد، لە شاری پاوە بەڕێوە چوو.
لەم ئێوارەشێعرە شاعێرانێک وەکوو: ئیسماعیل عەزەمی لە دیواندەرە، ژیکاڵ مەریوانی لە پاوە، سەحەر مەعێزی لە سنە، ژوان ڕەحیمی لە هەورامانی تەخت، عومەر محەممەدی لە شنۆ، فەریدوون ئەحمەدی لە جوانڕۆ، ئاشنا عەباسمەنش لە کرماشان، ماهپارە ئەمینی لە سەقز، عەتا وەلەدی لە مەریوان، ب. م شارۆ لە دزڵی و تاهیر ئاهەنگەری لە مەهاباد بەشدارییان کرد.
هەروەها چەندین شاعێری دیکە لە شارەکانی کوردستان بەشدارییان لەم ئێوارەشێعرەدا کرد.
لە میانەی ئێوارەشێعرەکەدا لە لایەن نێعمەت ڕەحمانپوورەوە، سەرەخۆشی ئەنجومەنی قەڵەمی هاوچەرخی کورد، بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوسەری مامۆستا هەژار "مەعسوومە خانم" ئاراستە بنەماڵەی ئەو کۆچکردووە کرا.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا لەوحی پێزانین بەو شاعێرانە درا، کە لەو ئێوارەشێعرە شێعریان پێشکەش بە بەشداران کرد.