کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد شەهید : ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێراندا ٢٥% بەرزبووەتەوە

21:10 - 5 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: ئەحمەد شەهید ڕێپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی ٢٥%ی ئێعدامەکان لەئێراندا دەربڕیوە.

ئەو بەرپرسەی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، وەبیری هێناوەتەوە کە پێشکەوتنەکان لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا بە واتای کەم‏کردنەوەی گوشار بۆ سەر ئێران نییە چوونکە ڕێژەی لەسێدارە دانەکان لە ئێراندا بەرزبووەتەوە.

ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە هەتا ئێستا، نزیکەی ٧٠٠ کەس لە ئێراندا لەسێدارە دراون و ئەو ڕێژەیە هەتا کۆتایی ساڵ ئەگەری زۆرە بۆ زیاتر لە ١٠٠٠ کەس بەرز بێتەوە.

ئەو ڕێژەیە لە ئێعدام، ٢٥% زیاترە لە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ساڵی ٩٣ی هەتاویدا، چوونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ڕابردووی زایینی‏دا ٧٥٣ هاووڵاتی لەسێدارە دابوو.

ئەحمەد شەهید پێداگریی کردووەتەوە کە لە ئێراندا ژنان وەکوو هاووڵاتی پلە دوو بەئەژمار دێن و نزیکەی ٤٠ ڕۆژنامەنووس لە ئەمساڵ‏دا، بە بیانووی بێ‏بنەماوە دەستبەسەر و زیندانی کراون.

ناوبراو لەو ڕاپۆرتەدا کە لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا ئامادە کرابوو، داوای کردووە کەگەمارۆ بخرێتە سەر پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و هەروەها ڕایگەیاندووە کە پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا دەبێ ئاشکرا و سەرکۆنە بکرێن، وەکوو گەمارۆی سەفەر خستنە سەریان.

ساڵی ڕابردووش ئەحمەد شەهید بەنیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هوشداریی دابوو.

ئەحمەد شەهید، ڕێپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافەکانی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا بۆ ئەو ڕێکخراوە، بەردەوام باسی لە درێژەی ڕەوەندی خراپ‏بوونی دۆخی مافی مرۆڤ و بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی ماف لە ئێراندا کردووە و پەرۆشیی خۆی بەنیسبەت دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئێعدامەکان، پێشێلکردنی مافەکانی کەمایەتییەکانی نیشتەجێی ئێران و ... هتد، دەربڕیوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و دوای هاتنە سەرکاری ڕووحانی، جان بێرد وەزیری دەرەوەی کانادا، لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بە هاتنەسەرکاری سەرۆک کۆماری نوێ، هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نایەت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حەسەن ڕووحانی وەکوو سەرکۆماری ئێران، لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە نەتەنیا هاتنە سەرکاری حەسەن ڕووحانی هیچ باندۆرێک لەسەر باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەسەر ئێران دانانێت، بەڵکوو دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەر ئەو ڕەوتەی پێشووی خۆی دەگرێتە پێش و پێیدا دەڕوات.