کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئەحمەد وەحیدی" وەکوو سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران هەڵبژێردرا

18:49 - 24 خەرمانان 2721

"ئیبراهیم ڕەئیسی"،سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران  بە دەرکردنی حوکمێک "ئەحمەد وەحیدی" وەزیری نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەکوو سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ئێران هەڵبژارد.

لەو حوکمەی "ڕەئیسیـ"ـدا هاتووە، "بە جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٧٦ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران و بە مەبەستی لێهاتوویی لە ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکان و مەئمووریەتەکانی شۆرای ئەمنییەتی نێوخۆ، بە گوێرەی ئەو حوکمە بەڕێزتان لەگەڵ گشت دەسەڵاتێک وەکوو "سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ئێران هەڵبژێردراون".

"ئەحمەد وەحیدی"، ناسراو بە "ئەحمەد شاهچراغی"، فەرماندەی نیزامیی و وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٣٧ لە شاری "شیراز" لەدایک بووە. لە ساڵی ١٣٥٩دا بوو بە ئەندامی سپای پاسداران و یەکێک لە فەرماندەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بووە.

ناوبراو ئەندامی "حەقیقی" کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمە و سەرۆکی زانکۆی باڵای بەرگری بە ناو نیشتمانی لە ئەستۆیە.

پێشتر لە کاتی پێشنیاری ناوبراو بۆ پۆستی سەرۆکی شۆرای ئەمنییەت لەلایەن سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دەوڵەتی ئارژانتین و وزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەو هەوڵەیان بە توندی مەحکووم کرد.

هەروەها پۆلیسی "ئینتێرپۆل" لەسەر داوای دادگوستەریی وڵاتی ئارژانتین، بەهۆی دەستێدابوونی "ئەحمەد وەحیدی" لە تەقینەوەی ناوەندی هاوکاریی جوولەکەکان لەو وڵاته حوکمی دەسبەسەرکرانی ناوبراوی دەرکرد.