کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەدی نژاد وتویەتی بەرپرسی مێزی ئیسرائیل خۆی سیخوڕی ئیسرائیلە

16:58 - 23 جۆزەردان 2721

"مەحموود ئەحمەدی نژاد" سەرکۆماری پێشووی  ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی لەقاودانەکانیدا، دان بەوەدا دەنێ کە بەرپرسی مێزی ئیسرائیل خۆی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەکات.

ناوبراو لە وتووێژێکی ڤیدیۆییدا، لە پێوەندی بە دانپێدانانی زۆرەملێی دەسبەسەرکراوانی بێتاوان، بۆ وەرگرتنی تێرۆری "مۆحسین فەخریزادە" یەکێک لە بەرپرسانی سپای پاسداران، وتوویەتی: "باندی گەندەڵیی ئەمنییەتی"، نەیدەتوانی تێرۆری "فەخریزادە" وەکوو بابەتی بەڵگە دزراوەکانی ڕێکخراوی فەزایی پەردەپۆش بکات و دەبایە کاردانەوەیان پیشان بدایە.

ئەو باندە بۆ ئەوەی هێڵی دزەکردن لە ڕێژیمی ئێران بشارێتەوە، چەند دەسبەسەرکراویان هێنا و داوایان لێکردن کە تێرۆری "فەخریزادە" وەئەستۆگرن و لە بەرامبەردا ئێوە ئازاد دەکەین.

"ئەحمەدی نژاد" ئیدعا دەکا، لەهەمان کاتدا بە وزارەتی ئەو کاتی وتووە کە هێنانی بەندییەک بۆ تێلێڤیزیۆن و وەرگرتنی دانپێدانان لەو بەندییە، کایەکردن بە ئەقڵ و مێشکی خەڵکە.

ئەو هەروەها بە پرسیارێک وتوویەتی: ئایا تێرۆرێک کە سەرنجمان دابێتێ تەنیا بە کەسێک دەکرێ؟ تێرۆرێکی بەو شێوەیە لانیکەم پەنجا کەسی دەوێت هەتا بێ هەڵە بە ئاکام بگات، دوایی ئێوە" وەزیری ئیتلاعات"، کەسێک دەکەنە بەرپرسی ئەو تێرۆرە!.