کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتش و خەڵکی باشووری لوبنان دەستیان بەسەر مووشەکهاوێژەکانی حیزبوڵڵادا گرت

12:13 - 16 گەلاوێژ 2721

دوای هێرشی ڕاکێتیی ڕۆژی هەینیی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل و وڵامدانەوەی ئەرتشی ئیسرائیل بەو هێرشە، فەرماندەیی ئەرتشی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بکەرانی ئەو هێرشەی دەسبەسەر کردووە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەرتشی لوبنان ٤ کەسی لە شارەکی ''شویا'' دەسبەسەر و دەستی بەسەر مووشەکهاوێژەکانی ئەو گرووپەدا گرتووە.

هاوکات خەڵکی ناوچەی ''حاسبیا'' لە باشووری لوبنان هێرشیان کردووەتە سەر ‌هێزەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە و بەنیسبەت هاویشتنی مووشەک لەو ناوچەیە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بە توندی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها خەڵکی ئەو ناوچەیە دەستیان بەسەر مووشەکهاوێژەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، گرتووە.

ئەرتشی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردبوو کە ١٩ ڕاکێت بەرەو خاکی ئیسرائیل هاوێژراوە کە ٣ دانەیان لەنێو خاکی لوبنان کەوتوونەتە خوارەوە و ١٠ ڕاکێتش لەلایەن گونبەدی ئاسینینەوە تەقێندراونەتەوە و ٦ ڕاکێتی دیکەش لە خاکی ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە.