کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتشی ڕێژیم، پیلان بۆ چوونە نێو بواری ژینگەپارێزی دادەڕێژێت

12:12 - 18 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە چالاکانی ژینگەپارێزی لە زینداندان، ئەرتشی ڕێژیم بڕیاری چوونە نێو بواری کاروباری ژینگەپارێزیی دەرکردووە!

"عەبدولڕەحیم موسەوی"، فەرماندەی گشتیی ئەرتش، لە فەرمانێکدا، داوای کردووە کە هێزەکانیان لە بواری پاراستنی ژینگەدا دەستبەکار ببن و زیاتر لە جاران هەوڵ بۆ ژینگەپارێزی بدەن. هەروەها داوای کردووە کە کەڵک لە بیر و بۆچوونی شارەزایانی ئەم بوارە وەربگرن و ڕێگایەکی بەسوود بۆ شوێندانەربوونیان لە پاراستنی ژینگەدا بدۆزنەوە.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم و داواکردن لە هێزەکانی بۆ چوونە نێو بواری پاراستنی ژینگەپارێزی لە حاڵێکدایە کە ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم بە چاوێکی ئەمنیەتییەوە سەیری چالاکانی بواری ژینگەپارێزی دەکەن و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی ژینگەپارێزی، بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ بێگانەکان"، لە زیندانەکانی ڕێژیمدان.

لە حاڵێکدا ئەرتشی ڕێژیم دەیهەوێت دەست بە کاری پاراستنی ژینگە بکات کە سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ڕێگای پرۆژە نازانستییەکانیەوە وەک: دروستکردنی بەنداو لە شوێنی نەگونجاو، تێکدانی دارستانەکان، کردنەوەی ماڵ لە لێواری ڕووبارەکان، ئاگر تێبەردانی دارستانەکان بە تایبەتی لە ناوچەکانی کوردستاندا، خەریکی تێکدانی ژینگەی کوردستان و ئێرانە و کارناسان هۆکاری ڕۆچوونەکانی زەوی و هاتنی لافاوی ئەم دواییە لە ناوچەکانی لوڕستان و گوڵستان، بۆ ئەم پرۆژانە دەگەڕێننەوە.

وێدەچێت ئەرتشی ڕێژیم بڕواتە پاڵ سپای تێرۆریستی پاسداران و لە تێکدانی زیاتری ژینگەی ئێران و کوردستاندا ببێتە هاوکار و جێ پەنجەی خۆی بە ژینگەی ئەم وڵاتەوە جێ بهێڵێت.