کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتشی ئیسرائیل سێ دڕۆنی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئاسمانی دەریای ناوەڕاست خستە خوارەوە

12:02 - 12 پووشپەڕ 2722

ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ٣ دڕۆنی حیزبوڵڵای لوبنانیان کە سنوورەکانی ئاسمانی ئیسرائیلیان بەزاندبوو لە دەریای ناوەڕاست خستووەتە خوارەوە.

بە وتەی رۆژنامەی ''جرۆزاڵم پۆست'' یەکێک لەو ٣ دڕۆنە لەلایەن فڕۆکەی ئێف ١٦ و دوو دڕۆنەکەی دیکەش لەلایەن پەدافەندی هێزی دەریایی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.

سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیش بە هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرزی'' وتووە کە ئەو سێ دڕۆنە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنان بۆ کردنە ئامانجی وێستگەیەکی گازی ئیسرائیل لە دەریای ناوەڕاست ڕەوانە کرابوون.

حیزبوڵڵای لوبنان سەرەڕای وەئەستوگرتنی بەرپرسیاریەتیی هێرش بە ٣ دڕۆن بۆ سەر ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە ئەو ٣ دڕۆنە ناوچەیەکی کێشە لەسەریان کردووەتە ئامانج و ئیسرائیل پەیامی خۆی وەرگرت.

''یائیر لاپید'' کە لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا سەرپرستیی کابینەی ئیسرائیلی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی لەسەر شان دەبێت، بە خستنە خوارەوی ئەو دڕۆنانە، ڕاستەوخۆ هۆشداریی بە ئێران دا کە ئیرادەی ئەوان هەڵنەسەنگێنن.

ناوبراو ڕێژیمی ئێرانی بە گەورەترین هەڕەشە دژی ئیسرائیل زانی و لەسەر ئەوە جەخی کردەوە کە تێلئاڤیڤ هەرچی لە توانایدایە بۆ پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوکی ئەنجامی دەدات.