کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرکی خوێندکاری کورد لە دەرەوەی وڵات/ وتووێژ لەگەڵ سیاوەش محەممەدی

13:38 - 30 پووشپەڕ 2722

وتووێژ: بێهزاد قادری

خوێندن لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوایی و پەروەردەبوون لە سیستمێکی دێمۆکراتیک، ئەو مەجالە بە کوردەکان دەدات کە لانیکەم لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە نێوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تابۆن، کار بکەن، ئەمەش تەنها زانستە مرۆییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو بە گشتی زۆربەی بوارەکانی خوێندن دەگرێتەوە.

لەم وتووێژەدا لەگەڵ کاک "سیاوەش محەممەدی"، خوێندکاری ماستەری ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵات و ئاسیاناسی (بەشی ئابووری و کۆمەڵگە) لە زانکۆی بۆنی ئاڵمان، دەپەرژێینە سەر بابەتی " ئەرکی خوێندکاری کورد لە دەرەوەی وڵات":

- خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات (وڵاتانی ڕۆژاوایی) چ دەرفەتگەلێکیان لەبەر دەستە تاکوو بتوانن خزمەتی نەتەوەی خۆیان بکەن (چ لە زانکۆ و چ لە کۆمەڵگەی ڕۆژاواییدا)؟

بە گشتی دەتوانم ئەوە بڵێم کە لێرە دەرفەت بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان و خاک و وڵاتی خۆیان زۆرە. خوێندن لێرە و پەروەردەبوون لە سیستمێکی دێمۆکراتیک، ئەو مەجالە بە مرۆڤ دەدات کە لانیکەم لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە نێوخۆی ئێران تابۆن، کار بکەی، ئەمەش تەنها زانستە مرۆییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو بە گشتی زۆربەی بوارەکانی خوێندن دەگرێتەوە. بۆ نموونە لە ئێران زۆر زەحمەتە کە کەسێکی کورد بتوانێت لە بواری زانستی سەربازی بخوێنێت و بچێتە ئاستێکی باڵا، بەڵام ئەو دەرفەتە لانیکەم لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژاوایی ڕەخساوە. لە ئێران زۆر زەحمەتە کە خوێندکارێکی کورد بتوانێت لەسەر فڕۆکە و دڕۆن و... بخوێنێت لە حاڵێکدا کە لە دەرەوە و لە وڵاتانی ڕۆژاوایی ئەو بەربەستانە زۆر کەمن. لە بواری زانستە مرۆییەکانیش کە دەستی خوێندکاران لێرە زۆر ئاوەڵایە، ئەوان دەتوانن زۆر بە ئازادانە لەسەر پرسی کورد و کۆمەڵگە و مێژوو و سیاسەت و... بخوێنن و ئەو زانستە و ئەو ئەزموونە بگوازنەوە  بۆ نێو چینی ئاکادمیای کوردستان، یان دروستکردنی تۆڕێکی پەیوەندی لەنێوان ئاکادمیای ڕۆژاوا و ئاکادمیای نێوخۆ.

دیارە لە هەموو ئەو بوارانەی کە ئاماژەم پێدان، نەتەوەکانی تر کە خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن، دەمێک ساڵە سەرقاڵی ئەوەن، وەک ئەوەی کە چینییەکان دەیکەن، واتە لە ڕۆژاوا دەخوێنن و ئەو زانستە دەگوازنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. کاتی خۆی یەکیەتیی سۆڤییەتیش هەمان سیاسەتی هەبوو، بە ناردنی خوێندکار بۆ دەرەوە تێدەکۆشا ئەو زانستە بگوازێتەوە بۆ نێوخۆ و خۆماڵی بکات.

ناردنی خوێندکار بۆ دەرەوە لە ئێرانیش مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. هەرچەند ناتوانین ڕێکەوتێکی دیاریکراو بڵێین، بەڵام لە سەردەمی قاجارەکانەوە یەکەمجار بە ناردنی فەرماندەرانی سوپا بە تایبەت بۆ فەرانسە و خوێندن لە ئاکادمیە سەربازییەکانی فەرانسە دەگەڕانەوە ئێران و لە سوپای قاجارەکان، گەلان و نەتەوە بندەستەکانی ئەو جوغرافیایەیان سەرکوت دەکرد.

ناردنی خوێندکار بۆ دەرەوە، تایبەت لە بواری سەربازیدا قەتیس نەکراوەتەوە، ئەو ڕەوتە هەموو بوارەکانی خوێندنی گرتووەتەوە، تەنانەت لە بواری زانستە مرۆییەکانیش دەسەڵاتە ناوەندییەکان و تەنانەت دەسەڵاتە ناوچەییەکان کەسانی خۆیان دەناردە دەرەوە. هەر کۆمەڵێک لەو خوێندکارانەی نەتەوەی باڵادەست کە کاتی خۆی لە سەردەمی قاجارەکان نێردرابوونە ئاڵمان، کۆمیتەیەک بە ناوی "کۆمیتەی برلینـ"ـیان ساز کرد و بە هاوکاریی کۆمەڵێک ڕۆژهەڵاتناس و ئلیتی نەتەوەپەرستی ئاڵمانی (لە چوارچێوەی پەرەدان بە تیۆریی  ڕەگەزی "ئاریایی") ناسیۆناڵیزمی ئێرانییان لە برلین تیۆریزە کرد و یارمەتیدەری هاتنە سەر کار و پراکتیزەکردنی تیۆرییەکانیان لە سەردەمی "ڕەزا پەهلەویـ"ـدا بوون.

ئەم ڕەوتە لە سەردەمی پەهلەوییەکان و ڕێژیمی خومەینیش بە شێوەی سیستماتیک درێژەی کێشا و ئێستاکە دەبینین بەشێکی زۆری فەرماندەرانی نیزامی و کەسایەتییە ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات خوێندوویانە و بەشی زۆری زانستە ڕۆژاواییەکانیان گواستووەتەوە بۆ نێوخۆی ئێران. ئەوانەش کە لە بواری زانستە مرۆییەکان خوێندوویانە و نەگەڕاونەتەوە ئێران، بەشی هەرەزۆریان زانستەکەیان خستووەتە خزمەت باڵادەست مانەوەی نەتەوەکەی خۆیان و لە هەمان چوارچێوەی گوتاری نەتەوەیی خۆیان دەجووڵێنەوە.

دیارە بەداخەوە دۆخی کورد لەو بوارەدا لەگەڵ ئەو نەتەوانەی کە دەوڵەتیان بووە بەراورد ناکرێت، هەرچەند نموونەی مێژوویی لەو کوردانەی کە بە هەر هۆکارێک توانیویانە بێن لە دەرەوە بخوێنن و دواتر بە جۆرێک زانستەکەیان بخەنە خزمەتی نەتەوە و بزووتنەوەی کوردستان، یەکجار زۆرن، لێرەدا دەتوانین لە ئەفسەرانی نێو شۆڕش، کەسانێک وەک سەرگۆرد عەباسی، عەلیارەکان، خەلیل خەلەبان و فەرماندە چەکۆ یان شەهید د. قاسملوو و شەرەفکەندی و دەیانی تر ناو ببەین.

- پەیوەندیی خویندکارانی کوردی دەرەوەی وڵات لەگەڵ خوێندکارانی وڵاتانی تر چۆنە؟ چۆن دەتوانن لە ڕێگای خوێندکارانی وڵاتانی ترەوە خزمەی کورد و کوردستان بکەن؟

وەکو باسم کرد ڕستەکەی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لە چ بەشێکدا دەخوێنێت. بۆ نموونە ئەگەر ئەتۆ لە بەشی ئەلکترۆتکنیکدا بخوێنیت پانتایی چالاکییەکانت جیاوازە لەگەڵ کەسێک کە زانستە ڕامیارییەکان دەخوێنێت. زۆر ئاساییە کە پاش خوێندن و کۆتاییهێنانی خوێندنەکەت، هێندێک لە هاوکلاسییەکانت بۆ نموونە ببنە بەرپرسی کۆمپانییەکی گەورەی وزەی خاوێن، ئەوکات دەکرێت لە ڕێگەی تۆوە هانیان بدەیت کە لە کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن. یان هاوکلاسێکت دەبێت بە کارمەندێکی وەزارەتی دەرەوە، دەکرێت لەو پەیوەندییە تاکەکەسییانە کەڵک وەربگریت. جگە لەوەش زۆرجار خوێندکارانی بەشی زانستە مرۆییەکان هێندێک دەستیان ئاوەڵاترە، دەتوانن لەو بوارەی کە دەخوێنن، وتار و لێکۆڵینەوە لەسەر کورد و کوردستان بکەن، بەو شێوە هەم کوردستان بە مامۆستاکانیان و هاوکلاسەکانیان دەناسێنن و هەمیش لەو بوارەدا و لە بواری زانستی خزمەتێکیان بە دۆزی کورد کردووە.

- پەیوەندیی خوێندکارانی کورد لە دەرەوە لەگەڵ خەڵکی نێوخۆی کوردستان چۆنە؟ ئایا لەنێوان خەڵک و خوێندکارانی دەرەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییەکی باش و گونجاو بوونی هەیە؟

ئەمن پێم وایە کە زۆربەی ئەو پەیوەندییانە، پەیوەندیی تاکەکەسی و خزمایەتین، واتە ئێمە تا ئێستاکەش بە شێوەی سیستماتیک نەمانتوانیوە پلاتفۆرمێکمان هەبێت کە ببێتە هۆی دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لەنێوان ئەو دوو توێژە. هێندێک کاری ورد و ناتەواو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوە. ئەوەش پێم وایە زۆر کەمە و وڵامدەر نییە. ئێمە پێویستمان بە ناوەندێک یان ڕێکخراوێکی فەرمی و گەورە هەیە، کە بتوانێت ئەو ئەرکە بە شێوەی سیستماتیک و ڕێکوپێک بەڕێوە ببات.

- ئەم پرسیارەم چەندین بەشە: پەیوەندیی خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات پێکەوە چۆنە؟ ئایا پلان و بەرنامەیەکیان بۆ داهاتووی کوردستان هەیە؟ پەیوەندیی نێوان خوێندکارانی کوردی دەرەوەی وڵات لەگەڵ خوێندکاران نێو شۆڕش (خوێندکارانی پێشمەرگە لە حیزبی دێموکراتدا) چۆنە؟ لە چ بوارگەلێکەوە دەتوانن پێکەوە هاوکارییان هەبێت؟ بۆچی تا ئێستا نەتوانراوە پەیوەندییەکی باش بۆ کاری هاوبەش و کاریگەر لەنێوان خوێندکارانی کورد لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دروست بکرێت؟

لەو بوارەدا ئەمن زانیاریم لەسەر وڵاتانی تر نییە. ئەوەی لە ئاڵمان دەیبینم، بەداخەوە زۆر زۆر لاوازە، بەتایبەتتر لەنێوان خوێندکارانی کوردی ڕۆژهەڵات.

کوردەکانی باکووری کوردستان کە ڕێژەیان لە ئاڵمان یەکجار زۆرە، هێندێک ڕێکخراو وەک "یەکیەتیی خوێندکارانی کوردستانـ"ـیان هەیە، کە ئەو ڕێکخراوەیە وەک دەستەخوشکی پەکەکە ناسراوە و بەو بۆنەوە، لە زۆر هەرێمی ئاڵمان یان قەدەغە کراوە یان چالاکییەکانیان بەرتەسک کراونەتەوە.

پاش ساڵی ٢٠١٥ و هاتنی شەپۆلێک لە پەنابەرانی ڕۆژاوای کوردستان بۆ دەرەوە، ئێستاکە کۆمەڵەک ڕێکخراوی خوێندکاری، خوێندکارانی کوردی ڕۆژاوا دامەزراوە کە لێرە و لەوێ چالاکییان هەیە، ئەوانیش لە دەستپێکی کارەکەدان و هێشتا بیچمیان نەگرتووە.

بە نسیبەت خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەداخەوە تا ئێستاکە لانیکەم لە ئاڵمان ئەمن ڕێکخراو، یان پالتفۆرمێکی جددیم نەبینیوە.

پەیوەندیی خوێندکارانی کورد لەگەڵ خوێندکارانی نێو شۆڕش، تەنها شتیک کە ئێستا هەیە، کۆمیتەیەکی یەکیەتیی خوێندکارانە کە لە سەرەتاکانی دەستپێکی کاری خۆیدایە. ئەمن نازانم کە بە گشتی چەند خوێندکاری کورد لەو کۆمیتەیەدا ئەندامن و چەندەیان ئێستاکە لە زانکۆکانی ئاڵمان خوێندکارن، وەک خۆم پێم وایە ئەگەر ڕێژەیەکی باش لە خوێندکارت هەبێت دەکرێت کاری باش بکرێت. بۆ نموونە لەنێو منداڵانی ئەو بنەماڵانەی کە ساڵانێکە لێرە دەژین و منداڵەکانیان لێرە چوونەتە قۆتابخانە، بەشێکی زۆری ئەو منداڵانە، کوردی نازانن، یان لانیکەم نووسین و خوێندنەوەی کوردی نازانن و ئەلفوبێی کوردییان نەخوێندووە، دەکرێت یەکیەتیی خوێندکاران، یان خوێندکارانی نێو شۆڕش کۆمەڵێک دەورەی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ ئەو خوێندکارانە دابنێن، فێری کوردی نووسین و خوێندەوەیان بکەن. ئەزموونی تورکەکان لەو بوارەدا زۆر ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە، باڵوێزخانە و وەزارەتی دەرەوەی تورکیە بودجەیەکی تایبەتی بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبەری خولی فێرکاریی زمانی تورکی داناوە. کوردەکانی باکووریش هێندێک چوونەتە پێشەوە، ئەو خوێندکارانە فێری کوردی نووسین و خوێندن دەکەن و دواتر ئەو کەسانە لە بواری ڕاگەیاندن و پەیوەندی بۆ پارت و ڕێکخراوەکانی باکووری کوردستان زۆر بەکەڵک دێن. بریا کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات یان کۆمیتەی یەکیەتیی خوێندکاران و لاوانیش ئەو کارانەیان کردبا. لە وەرزی هاوین کۆمەڵێک دەورەی فێرکاریی زمانی کوردییان دانابا. کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئاڵمان هەم پارەی هەیە و هەمیش دەتوانێت لە حکوومەتی ئاڵمان بۆ کارێکی لەو شێوە هەزاران یۆرۆ بودجە وەربگرێت، کە بەداخەوە جگە لە هێندێک کۆمیتە لە وڵاتانی ئیسکاندیناڤی، شتێکی ئەوتۆ لەو بوارەدا نەکراوە.

وەبیری ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی کەوتمەوە کە ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان ساڵانە نزیکەی ٣٥٠ هەزار یۆرۆ بودجە لە حکوومەتی ئاڵمان وەردەگرن تا خەڵکی خۆیان پەروەردە بکەن!

دیارە ئەوەی کە بۆ شتێکی وا تا ئێستا بیچمی نەگرتووە، هۆکار زۆرن، یەکیان ئەوەیە کە ئاڵمان وڵاتێکی پان و بەرینە و نزیکەی هەشتا و پێنج ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە و سەدان زانکۆی لێیە و زۆر زۆر زەحمەتە بکرێت لە هەموو ئەو زانکۆیانە، خوێندکاری کوردی ڕۆژهەڵاتی بدۆزیتەوە کە ئامادەی کارکردن بێت، بەڵام دەبێ ئەوەشمان بە تایبەت پاش پاندمی کۆرۆنا لەبەرچاو بێت، کە هێندێک پلاتفۆرمی وەک زووم و ئینترنت ئەو کیشانەیان تا ئاستێکی زۆر لا بردووە و هیوادارم لێرەبەدوا کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

کێشەییەکی تر کە دەبێ لەبەرچاومان بێت ئەوەیە کە بەداخەوە بەشێک لەو خوێندکارانەی کە ڕاستەوخۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ خوێندن هاتوونەتە ئێرە، دەیانهەوێت بەبێ کیشە هاتوچۆی بنەماڵەکانیان بکەن و خۆیان لە هەر ڕەوتێکی سیاسی و پلاتفۆرمێکی لەو چەشنە بە دوور دەگرن. بەڵام هۆکاری کۆتایی و سەرەکی لای من ئەوەیە کە بەڕاستی ڕێژەی خوێندکارانی کوردی ڕۆژهەڵاتی لە ئاڵمان بە نیسبەت بەشەکانی تری کوردستان و نەتەوەکانی تری ناوچەکە یەکجار زۆر کەمن.

- خوێندکارانی کورد لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات چۆن دەتوانن پێکەوە لە پێوەندیدا بن و چۆن دەتوانن بە یارمەتیی یەکتر خزمەتی نەتەوەکەیان بکەن؟

وەک پیشتریش باسم کرد، ئەمە تەنها لە قاڵبی ڕێکخراودا دەتوانێت ڕێکخراو بکرێت، دەنا هەر وەکوو تا ئیستا کە بینیومانە هەموو چالاکییەکان و پەیوەندییەکان بنەماڵەیی و تاکەکەسین. دەبێ ڕێکخراوێکمان هەبێت کە لەو بوارەدا کار بکات، ماڵپەڕی تایبەتی هەبێت، لانیکەم بە چەند زمانێک، لە تۆڕە کۆمەڵاییەتیەکان ئەکاونتی تایبەتی خۆی هەبێت و ڕێگەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەران و ئەندامانی ئاسان بێت. دەبێ کۆمەڵێک خوێندکارمان هەبێت کە ئامادەی کار بن، بەرپرسیاریەتی بە ئەستۆ بگرن و کات دابنێن. ئەو کارانە پێویستییان بە بودجە و پارە هەیە، دەبێ ڕێکخراوێک، یان حیزبێکی نیشتمانی پشتی ئەو پرۆژەیە بگرێت، پارەی بۆ دابین بکات و پێرسۆنێلی پێویستی بۆ دابین بکات. ئەگەر ئەمانە نەبن، وەک باسم کرد پەیوەندییەکان هەر وەک جاران دەبن، تەنها لە چوارچێوەی ناسیاوەکان و هاوڕێیانی تاکەکەسەکان قەتیس دەمێننەوە.