کوردستان میدیا: كەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و برای شەهیدێكی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ورمێ كۆچی دوایی كرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک "كەرەم ئاقازادە" كوڕی عەلی خەڵكی گوندی ''تەندرووكی" سەر بە ناوچەی ئەنزەڵی شاری ورمێ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبڕاو كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر و حیزب دوست بوو. یەكێک لەو كەسانە بوو كە لە كاتی هاتوچۆی پێشمەرگە بۆ ناوچە بەردەوام هاوكار و یارمەتیدەر تیمەكانی پێشمەرگە بوو و وەک كەسێكی دڵسۆزی حیزب ئەركی حیزبی خۆی جێبەجێ دەكرد.
برایەكی ناوبراو بە نێوی "حەیدەر ئاقازادە" یەكێک لە پێشمەرگە قارەمانەكانی حیزبی دێموكرات بوو كە كاتێک شەهید دەبێت، ڕێژیمی جەنایەتکاری ئاخوندی بە نێو گوندەكاندا تەرمەكەی بە دوای ماشێندا ڕادەكێشێت و بێحورمەتی زۆر بە تەرمی پیرۆزی ئەو شەهیدە دەكات.
كۆچكردوو وێڕای باوكی چەندین جار بە هۆی هاوكاری لەگەڵ حیزبی دێموكرات دەسبەسەر و ئەشكەنجە دەكرێن بەڵام هیچکات تەسلیمی ڕێژیمی خوێنڕێژی ئێران نابن.
تەرمی ناوبراو لە هەمان ڕۆژدا و لەنێو ئاپۆرای خەڵكی ناوچەكە و لە زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردار.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.