مەلا برایمی مەجیدپوور
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لـە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دامەزرانی بەڕەسمی ڕاگەیەندراوە. یەکەمین حیزبی کوردییە کە بە شێوەی مودێڕن و ڕێکخراوەیی، بە ئامانجی دابینکـردنی مافی نـەتـەوایـەتی و دێـمـوکراسی دامەزراوە. حیزبێکە لـە پـرۆسە و بەرنامەکەیدا ویست و داخوازیی سەرجەم چین و توێژ و دانیشتووانی کوردستانی تێدا گونجێندراوە. هەر بـۆیەش هەمووان بە هی خۆیان دەزانن و چاوەڕوانییان لێی هەیە. ئەوەش بە مانای ئەوە نییە کە حیزب و سازمانی تری لێ نین.
حیزبێکە باوەڕی قووڵی بە پێکەوەژیانی هێمنانە و برایانە هەیە و هەوڵیشی بۆ داوە. حیزبێکە چارەی خۆنووسی و دابینکردنی مافی نەتەوایەتی، ئامانجی سەرەکییەتی و بۆی تێکۆشاوە و دەکۆشێت. بـۆ گەیشتن بەو ئامانجە و پاراستنی هێمنی و ئارامی، بە قۆناغی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە و لافاوێکی لە خوێنی باشترین ڕۆڵەکانی لێ هەستاوە. حیزبێکە لە بەرانبەر پێشێلکردنی ماف و کەرامەتی گەلەکەی لە لایەن هەر دەسەڵات و حیزب و تاقمێک بووبێت، بیدەنگ دانـەنیشتووە و پشتگوێی نـەخستووە.
ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات بەبێ پرس و ڕای زۆرینەی گەل، هیچ حیزب و تاقم و کەسایەتییەک خۆی بکات بە وەکیل، یان ساتوسەودا بە چارەنووسی گەل بکات. حیزبێکە ڕای وایە گەل سەروەرە و بڕیار بەدەستە و چارەنووس و ڕێبازی کۆتاییش هەر گەل دیاریی دەکات.
شانازییەکی گەورەیە بـۆ ئـەو حیزبە کە دامەزرێنەری کۆماری کوردستانە، ئاڵای کوردستانی هـەڵکردووە، دامەزرێـنەری هێزی پێشمەرگەی کوردستانـە. مەزنترین و لێهاتووترین ڕێبەرانی کە لەو ڕێگایەدا بــوونەتە قوربـانی، شایەت و بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن و لە مێژووشدا بۆیان تۆمار کراوە.
حیزبێکی بە مانای وشە شۆڕشگێڕ، خاوەن ئیمانێکی قووڵ و بەهێز بـە ئازادی خولیای دابینکردنی دێموکراسی بۆ نیشتمانەکەی و بڕوایەکی پتەو بە سەرکەوتن، پابەندبوون بە هاوکاریی گەلانی چەوساوە، هاوڕێ و هاوکاریی لەگەڵ ئاشتیخوازان. مێژوو شایەتە لەو بوارانەدا بـە قەدەر تـوانای خۆی دریـغی نـەکردووە و هەرگیز بە دژی ئازادیخوازان پاڵی بە دوژمنانەوە نەداوە. لە ڕێگای وەدەستهێنانی مافی گەلەکەی بە شێوەی ئاشتییانە گەورەترین و لێوەشاوەترین ڕێبەرانی خۆی لەدەست داوە. لە بەرنامە و پێڕەوی خۆیدا ڕێزی بۆ هەموو ئیدە و ئایینەکان داناوە. هەر چەشنە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و تاکپەرستی و پاوانخوازی مەحکووم کردووە.
حیزبی گەلاوێژە و لە ئاسمانی کوردەواری دەدرەوشێتەوە، لە بـەر چاوان ون دەبێت بەڵام لە دڵ و دەرووندا بـە زیندوویی ماوە. وەک دار بەڕوو وایە، گەڵای دەوەرێت بەڵام ڕەگ و ڕێشەی هەروا بە پتەوی ماوە. ئەگەر بۆ ماوەیەک دیار نابێت لە کاتی خۆیدا گەشاوەتر لە جاران سەر هەڵدەداتەوە، شەوق و شەبەقی پەخش دەکات، بە دوژمنان دەڵێت: "وامەزانن کورد مردووە ، کورد زیـندـووە و هەروا مـاوە". حیزبێکە گەورەترین شانازیی ئەوەیە کە لە بڕیارداندا سەربەخۆیە، لە بەستراوەیی بـێـزارە. دەکەوێت و هـەڵـدەستێتەوە. دەڕواتـە پێش و بـۆ تاکتیک جـاروبـارەش دەگەڕێتەوە، بـە پێی هەلومەرج کەم دەبێت و زۆر ناخایەنێت لە پێشوو زیاتر دەبێتەوە. هەڵە و خەتاش دەکات، بەڵام هەر کە هەستی پـێکرد دانـیان پیدا دەنێت و دووپاتیان ناکاتەوە. ئەوەی هەر دەمێنێت گەلە، هەتا گەلیش هەبێت، حیزب ماوە.
بـە بـۆنەی ئـەو ڕۆژە پـیـرۆزە، پـیرۆزبـایی لـە شەهیدان و بـنەماڵەکانـیان، زیندانیانی سیاسی و کەسوکاریان، سەرجەم گەلی کورد و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێ و هاوسەنگەران، خەمخۆرانی گەل و دڵسۆزان دەکەم . ئاواتەخوازم گەل سەرکەوێت و ئێمەش چاومان پێی بکەوێت.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.