کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەستەمە پێنووس و زمان لە ئاست گەورەییت بێنە گۆ

13:35 - 24 خاکەلێوه 2721

خالید دەرویژە

وەفایەک بۆ هاوڕێی بەرزەفڕم شەهید لوقمان مێهفەر

کەلاپەڕەی ژیان و بەسەرهاتی کەسایەتییەکان هەڵدەدەیتەوە، زۆرن ئەو وانانەی لێیان فێر دەبی و دەتوانیت وەک چرای ڕێگای هەوڵ و تێکۆشانت لە ڕەیلی پڕهەورازونشێو و پێچاوپێچی ژیان کەڵکیان لێ وەربگریت. ئەم خاڵە جەوهەرییە کاتێک زیاتر کاریگەرییەکەی خۆی دەنوێنێت و زەقتر دەبێتەوە کە ئەم کەسایەتییە سەرباشقەیە، هەر لە منداڵییەوە لە کورەی خەباتی نەتەوەیەکدا قاڵ بووبێتەوە کە بەداخەوە لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش کراوە و هەر ئەوەش بە وانەکانی شۆڕش گۆچی دەکات و بەرهەمەکەی  شۆڕەسوارێک دەبێت کە هەموو ژیانی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی تەرخان دەکات، ئەم کەسایەتییە کاریگەر و بلیمەتە، نوێترین شەهیدی ڕزگاریی نیشتمان و نەتەوەکەمان، شەهید لوقمان مێهفەرە.

بێگومان نووسین و باسکردن لە گەورەیی وەها کەسایەتییەک ئەگەر نەڵێین مەحاڵە، گەلێک دژوارە و هەڵوەستەکردنی ڕەهەندە جوراوجۆرکانی زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت کە لەم چەند دێڕە کورتەدا و بە پێنووسی کڵۆڵم بمهەوێت تۆماریان بکەم، بەڵام هەر نەبێت وەک وەفایەک بە گواستنەوە و خوێندنەوەی  وێستگەکانی ژیانی وەها شۆڕشگێڕێک، لە گۆشەنیگای خۆمەوە لە هەڵێنجانی لەو هەڵوێست و ئەکتانەی خۆم بینەری بووم، ئاماژە بەو وانانە بکەم کە لێیانەوە فێر بووم.

وانەبێژێکی لێزان

ساڵی ٨۳ی هەتاوی و لە دەورەی سیاسیی کادری دەرەجە ٤ مامۆستای وانەی پێڕەو و پرۆگرامی حیزب بوو، ئەگەرچی کەش و هەوای دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و پێویستیی ڕاوەستان لە بەرامبەر ڕێژیمێکی دڕندەتر لە شاهەنشاهی و دواجار پەیوەستبوونی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە دەرفەتی وەدەستهێنانی پلەی زانکۆی پێ نەدابوو، بە شێوەیەکی ورد و سەرنجڕاکێش خاڵەکانی شی دەکردەوە کە تا ئەوکات و لەگەڵ ئەوەی چەندین جار خۆێندبوومەوە، بەباشی لێی تێنەگەیشتبووم و زۆر بە کەمیش ماموستای هاوشێوەییم تەنانەت لە زانکۆکان بینیبوو کە بتوانێت لە کاتی بەردەست و ئیمکاناتی سەرەتایی بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنی قووتابی کەڵک وەربگرێت، ئەو بەباشی (ماموستایانە و لێزانانە) بە کەڵک وەرگرتن لە وشە و دەستەواژەی بەجێ لەو ئاراستەیەدا کلاسەکەی بەڕێوە دەبرد.

کرداری شەریفزادانە

بەدوای کودتا دژی موسەدیق، حەمەڕەزاشا لە جاران مڵهوڕتر کەوتە گیانی جیابیران و ئازادیخوازان و دۆخێکی پولیسی بەسەر وڵاتدا حاکم دەکات کە بە زەعمی خۆی ئێران بووە بە دوورگەی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەگێڕنەوە شەهید سمایل شەریفزادە لە ڕەوتی خەباتی پڕشنگداری ٤٦-٤٧ لە نامەیەک بۆ کاک کەریم حیسامی دەنووسێت: "کاک کەریم ئێمە مەبەستمانە بە کردەوەی شۆڕشگێرانە، گۆمی بەناو مەندی حەمەڕەزاشا بشڵەقێنین، "ئەگەر بەشێک لە ئامانجی ئەم شۆڕەسوارانە شڵەقاندنی دوورگەی مڵهوڕی و سەرەڕۆیی شا بوو، بەو شێوەیەش حوزووری پێشمەرگە لەنێو خەڵک و لە قووڵایی ڕۆژهەڵات، یەکێک لە تاکتیکەکانی وەرزی نوێی خەباتی حیزبەکەمان بە ناوی ڕاسان بۆ برەودان بە ئەکتی شۆڕشگێڕانە و وەبەرنانەوەی خوێنی بەرگری لە دەمارەکانی شۆڕش بوو کە بەشداریی کردەیی کاک لوقمان وەک کاتاڵیزۆرێک بۆ ئەم ڕاسانەوە، گڕوتینێکی بەهێزتری پێ بەخشی.

یەکسانیخوازێکی ڕاستەقینە

چ ئەو دەربڕینە ئەرێنییانەی لە زمانی هاوژینم بۆ وەسفی کرداری یەکسانیخوازانەی کاک لوقمان لە کاتی بەرپرسایەتیی تەشکیلاتی ئاشکرای لە کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی بیستوومە و چ ئەو خۆشەویستی و ڕێزە لەڕادەبەدەرەی ژنان لەهەمبەر هزری قووڵی کاک لوقمان بەو چەمکە گرینگە دەیبیستین، دەرخەری باوەڕی قووڵی ناوبراون بە مافی بەرابەریی ڕەگەزی. ئەوانەی تێکەڵاویی بنەماڵەییان لەگەڵ کاک لوقمان هەبووە و سەربەستی و خاوەنڕایی کچەکانی لەو ئاراستەیەدا دەبینن، ئەو باوەڕە دەسەلمێنن. قسەکانی کاک "قادر"ی کوڕی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکی، لەو بارودۆخەدا کە بەداخەوە ئێستاش تەپوتۆزی بیرکردنەوەی عەشیرەیی و باوکسالاری لێرە و لەوێ دەبینرێت، لەو شۆێنەدا کە دەڵێت: "لەمەوبەدوا و لەژێر سەرپەرستی و ڕێنوێنیی دایکمان درێژە بە ڕێبازی باوکمان دەدەین"، باوەڕی ڕیشەیی کاک لوقمانمان بۆ ئەم بابەتە گرینگە کە بە خۆشییەوە بووە بە کولتووری بنەماڵەکەی، بۆ دەردەکەوێت.

خەڵکی و خاکەڕا

کاتێک میواندۆستیی کاک لوقمان و بنەماڵەکەی دەبینی، تایبەتمەندیی خەڵکی بوونی بۆ هەموو کەس ڕوون و ئاشکرا دەبێت، بەڵام بە حوکمی کارەکەم کە دوای کۆنگرەی ۱٦ ئەرکی خزمەتکردنم لە دەزگای دارایی پێ ئەسپێردراوە و بە تایبەت دوای ڕاسانی ڕۆژهەڵات و بەرەوڕووبوونمان لەگەڵ له‌ژێر گوشاركه‌وتنی ئەندامانی ڕێکخستنی ناوخۆ، بەردەوام ماڵەکەی ببوو بە مەکۆی حەوانەوەی یەک یا دوو بنەماڵە، هاوکات لە پرۆسەی تەعمیری ماڵەکان لەگەڵ ئەوەی ماڵ و ماشینی لە خزمەتیان بەکار دەهێنا، خۆی وێڕای پێشمەرگەکان کاری لەگەڵیان دەکرد. بەدەگمەن هەڵکەوتووە کەسێک سەردانی بنەماڵەکان بکات و ژەمێک میوانی ماڵی کاک لوقمان نەبووبێت.

ڕەخنەگرێکی بونیادنەر

کاک لوقمان بەباشی دەیزانی چون ڕەخنە بگرێت کە بونیادنەر بێت، بەڕێزیان هەروەکوو چۆن هەوڵی دەدا چی بڵێت تا سەرنجی بەردەنگ بەلای وەرگرتنی ڕەخنەکە و ئەنجامی دروستی کارەکە ڕابکێشێت، ئەوەندەش هەوڵی دەدا چی نەڵێت کە ڕۆحیاتی بەرامبەر خەوشدار بکات. ڕۆژێکیان زەنگی بۆ لێدام، تا ناوەندی سیاسی بچم، کە چوومە لای سەرەتا بە پێشوازییەکی هاوڕێیانە و ئەحواڵپرسیی باوکانە و دواتر بە تاریف لە باوکم و باسکردنی بیرەوەرییەک، وەک ڕەخساندنی بەستێنی پێویست، ڕەخنەکەی لێ گرتم و بە دڵ و گیان  لێم وەرگرت و بێ یەک و دوو لەسەر داواکەی بەدواداچوونم کرد.

پشت قایم

هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی باسیان لێ کرا و دڵنیام لەوەی دەیان تایبەتمەندیی بەهێزیتر،  شوناسی کاک لوقمان پێک دێنن، ئەگەر لەلایەک بەرهەمی هزری ئەمڕۆیی و هەوڵ و ماندووبوونی ناوبراون، بەشێکی تریان بۆ پشت ئەستووری کاک لوقمان دەگەڕێتەوە، ڕەستەی لەپشت هەر پیاوێکی سەرکەوتوو ژنێکی قارەمان و لەخۆبردوو بوونی هەیە، لەسەر کاک لوقمان بەتەواوی ڕاستە. هەرکەس بۆ یەک جاریش "دایە خەجیجی" بینیبێت و تەعاروفی لەگەڵیان کردبێت، هەستی میواندۆستیی ناوبراوی بینیوە و لە یەکەم ڕوانیندا دایکی خۆی لە زەینی وێنا کردووە، کەواتە زۆر سروشتییە و ناکرێت کاک لوقمان بەدەر بێت لە هەستی خەڵکی و خاکی بوون و میواندۆستی. "دایە خەجیج" بەو هەمووە شەهید و تێچووەی لەپێناو شۆڕشدا داویەتی، چۆن دەکرێت کاک لوقمانێکی قاڵ بووە لە کورەی خەبات و بەرگری لێ دەرنەچێت.

ڕۆحی هاوڕێی بەرزەفڕمان شاد

ڕێگە و ڕێبازی پیرۆزیان بەردەوام

سڵامەتی و تەمەندرێژی و سەرکەوتن بۆ قارەمانی پشتیپەردە "دایە خەجیج" و بنەماڵەی بەڕێزیان.