کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئەسپێ" ڕووی لە قوتابخانەکانی کوردستان کردووە

12:33 - 11 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: هەواڵدەریی "فارسـ"ـی ڕێژیم لە هەواڵێکدا باسی لە زۆربوونەوەی ئەسپێ لە قوتابخانەکانی پارێزگای ئیلامدا کردووە کە ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکانیشی لێکەوتووەتەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەمەڕ زۆربوونەوەی ئەسپێ لە قوتابخانەکان و لە نێوان قوتابییاندا نیگەرانییان دەربڕیوە.

هەبوونی ئەسپێ و زۆربوونەوەی ئەم کێشەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە بنەماڵەکان لە ناردنەوەی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە خۆیان بواردووە تاکوو چارەسەریی ئەم کێشەیە بکەن.

"سادقی فەر"، جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ئیلام لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە ئەم کێشەیە پێشتریش هەبوو و لەبەرچاونەگرتنی تەندروستیی تاکەکەسی و تەندروستیی ژینگە لە گرینگترین ڕێگاکانی پێشگرتن لەم دیاردەیەیە.

ئەسپێ لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا زیاترە و نالەباربوونی دۆخی تەندروستیی قوتابخانەکان، نەبوونی ڕێنمایی دروست بۆ خەڵك، سەرنج نەدانی ناوەندە دەرمانییەکان بە تەندروستیی کۆمەڵایەتی، لە هۆکارەکانی زۆربوونەوەی ئەم دیاردەیە دێتە ئەژمار.