کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەوتێکی ئاوی لە سەردەشت دۆزرایەوە

23:26 - 31 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە شوێنێک بەناوی تەپەی سەرچەمە لە باخی هەوارە بەرزە سەربە شاری رەبەت، ئەشکەوتێکی ئاویی نوێ دۆزرایەوە.
ئەو ئەشکەوتە لە کاتێکدا دۆزراوەتەوە کە کرێکارانی شارەوانی لە باخی هەوارە بەرزە سەرقاڵی کارکردن بوون کە درگای ئەو ئەشکەوتەیان دۆزیوەتەوە.

هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی کردەوە کە گرووپێکی کەوناراناسیی زانینگەی کوردستان رەوانەی شوێنەکە کراون کە توانیویانە ٣٠ میتر لەم ئەشکەوتە ئاوییە تاوتوێ و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن.

بە وتەی کارناسان، ئەو ئەشکەوتە چەندین \'\'داڵان، تەلاری دووقات، چاڵە ئاو، دەخمە، بەردە بەرزەڵخی گوڵە کەلەرمی و هێشووە هەنگووریی\'\' لەخۆ گرتووە.

کارناسان لەو بڕوایە دان، بە تەرخانکردنی بوودجە و دروستکردن شوێنێکی گەشتیاری ــ کەونارایی، دەشێ شاری رەبەت بکرێتە جەمسەریکی گەورەی گەشتیاری لە ئێران و پارێزگای ئورمیەدا.

ئەو ئەشکەوتە ئاوییە لە ١٠٠ میتریی کانیی ئاوی خواردنەوە شاری رەبەت هەڵکەوتووە و ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە لەگەڵ \'\'کانی گڕاوان\'\' لە مەودای ١.٥ کیلۆمیترییدا پەیوەست بێت.

شاری رەبەت شارێکی کەونارایی‌یە و چەندین تەپەی کەونارایی لەخۆ گرتووە و زیاتر لە هەشت هەزار ساڵ پێشینەی هەیە و یەکێک لە شوێنە کۆنەکانی مرۆڤ بۆ نیشتەجێ بوون دێتە ئەژمار.

زستانی ساڵی رابردووش کۆمەڵێک لە شاخەوانانی شارستانی سەردەشت یەکێک لە گەورەترین ئەشکەوتەکانی ئێرانیان لە ناوچەی وەزینە سەربە شاری میراوا دۆزییەوە کەلە ٥٤ کیلۆمیتریی ناوەندی شاری سەردەشت هەڵکەوتووە.