کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەفغانستان بەنیسبەت دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە هۆشداری بە "خامنەیی" دا

18:43 - 29 پووشپەڕ 2721

ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی "جمهوریی ئیسلامی"  لە ژێر ناوی "بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دژی گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان حەشدی شیعی لە ئەفغانستان ڕاپەڕی" بڵاو کراوەتەوە کە دژکردەوەی توندی بەرپرسانی ئەفغانستان و خەڵکی ئەو وڵاتەی لێ کەوتووەتەوە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، خەڵکی ئەفغانستان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخنەیان لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەنیسبەت ئەو بابەتە گرت و بە هەشتەگی "همسایە شیطنت نکن" ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

شا "حوسین مورتەزەوی" ڕاوێژکاری باڵای سەرکۆماری ئەفغانستان لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "ئاژاوە گێڕان قەدەغەیە".

ناوبراو لە درێژەدا نووسیویەتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەک ڕووی دزێوی تاڵبان دەشارێتەوە و لەلایەکی دیکە بەدوای ئاژاوەگێڕانه، بەڵام ئەفغانستان ئیزن نادات ئەزموونی سووریە، یەمەن، عێراق و لوبنان لەو وڵاتە دووپات بێتەوە و پیلانی ڕێژیمی ئیران بە ئاکام ناگات.

"عەلی خامنەیی" دوو ڕۆژ پێش وتبووی: "ئەو گرووپانەی لە لوبنان، سووریە، لیبی و عێراق دژ بە ئامریکا شەڕ دەکەن، گرێدراو و لەژێر چاوەدێری و لەخزمەت ئێمەدا نین، بەڵکوو ئەوان توخمی باوەرمەند بە ئیسلام و سەربەخۆن".