کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلجوبەیر: ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندایە

10:57 - 2 رێبەندان 2719

وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی پاشایەتیی عەرەبستان لە پارلمانی ئورووپا وتوویەتی، ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندایە.

ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕێبەندان، "عادل ئەلجوبەیر"، وەزیری ڕاوێژکاری پاشایەتیی عەرەبستان لە پارلمانی ئورووپا ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندایە و وتوویەتی، سەعوودییە تاکوو لەنێوبردنی تێرۆریزم، شەڕی لەگەڵ دەکات.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، شیعەکان لە ئێران، عێراق و لوبنان، دژ بە سیاسەتەکانی تاران خۆپیشاندانیان کردووە.

"ئەلجوبەیر" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی، ئیجازە نادەین تۆوی ڕق بڵاو ببێتەوە و هەر کەس کە هەوڵ بۆ ئەو کارە بدات، سزای یاسایی بەدواوە دەبێت، ماوەیەکی زۆرە کە بەدواداچوون بۆ ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە پڕوپاگەندە بۆ تێرۆریزم و توندئاژۆیی دەکەن.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە یەمەن باسی لەوە کرد، حووسییەکان بەرانبەر بە خەڵکی یەمەن تووشی تاوان بوونە و عەرەبستان شەڕی لە یەمەندا دەست پێ نەکردووە، بەڵکوو حووسییەکان ئەو کارەیان کردووە.