لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی کوردستان لەژێر ناوی "زاگرۆسانە" چالاکانی ژینگەیی بۆ بوژاندنەوەی ژینگەی نیشتمان دەنکی بەڕوو و قەزوانیان چاند.
ڕێکخراوی ژینگەیی پیرانشار بە هاوکاریی چالاکانی ژینگەیی ئەو شارە و شاخەوانان و چالاکانی ژینگەیی میراوێ ئەو هەڵمەتەیان بەڕێوە برد.
هەروەها هەڵمەتی چاندنی بەڕوو و بادام لە "دۆشان، حەسەن ئاوا و شاخی ئاویەر" بە بەشداریی گرووپی شاخەوانیی حەسەن ئاوا و گرووپی ژیانەوەی سروشتی سنە و گرووپی شاخەوانیی چلچەمەی سنە، بەڕێوە چوو.
هاوکات ژینگەپارێزان لە گوندی ''دەری'' سەر بە مەریوان بە چاندنی "قەزوان" ئەو هەڵمەتەیان بۆ بوژاندنەوەی نیشتمان بەڕێوە برد.
چالاکانی ژینگەیی لە دیواندەرە بە دەم بانگەوازی زاگرۆسانە چوون و لە چیاکانی کوردستان بەڕوویان چاند.
"زاگرۆسانە" هەڵمەتێکی ژینگەییە کە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی زاگرۆس ماوەی سێ ساڵە بە چاندنی دنکە بەڕوو بۆ بوژاندنەوەی دارستانەکان و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی و هەروەها درێژەدانی ڕێگای "شەهیدانی ژینگە" لە هەموو شوێنەکانی زاگرۆس بەڕێوەی دەبەن.