کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەم ڕێژیمە ناسرەوێ!

12:38 - 23 جۆزەردان 2722

ئاسۆ مێنبەری

بێگومان ئەوەیکە لەگەڵ چییەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاشنا بێت باش دەزانێ کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ وەکوو یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مانەوە و بەردەوامبوونی ئەم ڕێژیمە تاکوو ئەمڕۆ بووە.

لە سەرتاسەری ئەو جوگرافیا دەستکردەدا کە بە ئێرانی ناو دەبەن، کۆمەڵێک نەتەوەی جیاواز دەژین کە هەرکامەیان خاوەن دابونەریت، فەرهەنگ، بنەما و چوارچێوەی فکری، هەروەها خواست و ویستی تایبەت بە جوگرافیا و مێژووی خۆیانن و بێگومان پارێزراوبوونی کەرامەتیشیان هەر بەندە بە پارێزراوبوونی ماف و ئازادییەکانیان لە جوگرافیای ژیانی خۆیاندا؛ بەڵام لەڕاستیدا ئەم کەتوارە لە کۆمەڵگای ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان هیچکات نەتەنیا بایەخی پێ نەدراوە بەڵکوو هەموو مێکانیزمەکانیشی بۆ خراوەتە گەڕ تاکوو بە دڕندانەترین شێوە ماف و ئازادیی نەتەوەکانی تێدا پێشێل و کەرامەتی مرۆییان خەوشدار بکرێت.

هەروا کە ئاماژەی پێ کرا هەر نەتەوەیەک بەپێی دیرۆکی تایبەتی خۆی، پەیوەستە بە خاک و نیشتمانێکەوە کە باوباپیرانی لە سەری ژیاون و هەوڵیان داوە بەرە لەدوای بەرە ئاوەدانتری بکەنەوە و هاوکاتیش هەموو بایەخەکانی نەتەوەبوونی تێدا بپارێزن تاکوو داهاتووی خاک و نیشتمانەکەیان گەرەنتیی مانەوەی هەبێ.

لە کەس شاراوە نییە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەموو ساڵەکانی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا چۆناوچۆن بەرەوڕووی هەر خواستێکی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەکان بووەتەوە و چۆن بە هەر شێوازێک بۆی لوابێ سەرکوتی کردوون و ویستوویەتی دەنگی ئازادیخوازییان کپ بکات، بەڵام پڕئاشکرایە کە هیچ هەوڵێکی دڕندانەی ئەم ڕێژیمە تاکوو ئێستاش نەیتوانیوە ئەو ئاکامەی بەدواوە بێت کە لە ژوورە فکرییەکانی ڕێژیمدا بەرنامە و پیلانی تایبەتی بۆ داڕێژراوە.

کوشتوبڕ و سەرکوت بەشێکی جیانەکراو لە چییەتیی کۆماری ئیسلامییە، بۆیە پێناسەکردنی ئەم دەسەڵاتە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بە پێوەری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکرێ و بێگومان وێناکردنی ڕێژیمی ئاخوندی بە بێ ئاوڕدانەوە لە پرسی مافەکانی مرۆڤ، کارێکی نەلواوە.

سەرنجدانێکی خێرای هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ نیشان دەدات کە ڕێژیم لە هەوڵێکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕیژراودا دەیهەوێ سەرەڕای چاوترسێنکردنی خەڵکانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان، بونیاتی دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی خۆی قایمتر بکاتەوە. هەر بۆیە دەبینین هەر ڕۆژ لە شوێنێ و هەر جار نەتەوەیەک دەکاتە ئامانج و هەوڵ دەدات تاکوو لە ڕێگەگەلی جیاوازەوە ملکەچی خواستەکانی خۆیانی بکات.

ئەوەی کە ئێستا دەبینریت ئەمەیە:

ڕێژیم لە بەلووچستان بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ١٢ هاووڵاتی و ئەویش بە بیانووی ماددە هۆشبەرەکانەوە کە درێژەی ڕەوتی سەرکوتکارییەکانی پێشوویە، هەوڵ دەدات ئەم جوگرافیایە وەکوو شوێنێکی نائەمن بناسێنێت کە گوایە هەموو جینایەت و تاوانێک لێرەوە سەر هەڵدەدەن و بە سەرکوتکاری نەبێ هیچ شتێک چارەسەر نابێ. لەڕاستیدا ئەمە ڕەوتێکی نوێ نییە و بێگومان جیا لە پرسی نەتەوەیی، پرسی مەزهەب لەم پارێزگایە ئەتوانێ یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم سەرکوتکارییانە بێت.

 لە خووزستان و شارە عەرەبەکان بە بیانووی ناڕەزایەتیدەربڕین بە نەبوونی خزمەتگوزاری و هاتنە سەرشەقامی خەڵك، دەستیان بە سەرکوتی خەڵک کردووە، داڕمانی بینای مێترۆپۆل یەکێک لە کارەساتە گەورەکان بوو کە خەڵکی تووشی شۆکێکی گەورە کرد، بەڵام ئەمە بۆ کۆماری ئیسلامی کە دوژمنی سەرەکیی نەتەوەکانە پرسێکی ئەمنیەتییە هەر بۆیە هەوڵی دا بە سەرکوتی ناڕازییان کە سەرەتا بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان هاتنە سەر شەقام بەڵام دواتر ئاراستەی دروشمەکانیان بۆ لای ڕێژیم و تەواویەتیی ڕێژیم و بەرپرسانی بوو، ناڕەزایەتییەکان دامرکێننەوە.

لە کوردستان بە بیانووی ناڕەزایەتییە سێنفییەکان و بە دۆسیەسازیی ئەمنیەتیی بۆ مامۆستایان و فەرهەنگییەکان کە لەڕاستیدا تەنیا داوای مافی سێنفی و مرۆیی خۆیان دەکەن، هەوڵی سەرکوت و بێدەنگکردنی دەنگە مافویستەکانی دا.

لەلایەکی دیکەشەوە ناڕەزایەتییەکانی ماوەکانی ڕابردوو بە نیسبەت گرانبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان و لەوانەش نان، بووە بیانوویەکی دیکە بۆ سەرکوتی خەڵکانی ئێران.

هەموو ئەمانە نیشان دەدەن کە ڕێژیم دەیهەوێ بە هەر شێوازێک و لە هەر دەرفەتێکدا کە دێتە پێشەوە، قەرەبووی لەدەستچوونی ڕەوایی خۆی لە ناوچە و جیهان و ناوخۆش لە خەڵکی بێدەرەتان بکاتەوە.

هەمووان باش دەزانن کە دۆخی ڕێژیم نالەبارە و خەریکە بەرەو دۆڕانێکی ئێجگار قورس و قایم دەچێت، پرسی ناوکی گەیشتووەتە بنبەست، شۆرای حوکام بەدژی بەرنامەی ناوکی و بە دەنگی ئەرێنیی ٣٠ وڵاتی جیهان بە دژی ڕێژیم وەستاوەتەوە، گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیم بەردەوامن، وڵاتانی زلهێز هەڕەشەی لێ دەکەن، خەڵک بە بچووکترین بیانوو دێنە سەر شەقام و داوای مافەکانیان دەکەن، ناڕەزایەتییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە نە لە بواری هێزەوە و نە کۆنتڕۆڵی جوگرافیای ناڕەزایەتییەکانەوە ڕێژیم توانای بەرەنگاربوونەوەی نەماوە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بەدی ناکرێت، هەربۆیە تەنیا یەک ڕێگای بۆ ماوەتەوە ئەوەیش ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک و لە هەر نەتەوەیەک کە گەورەترین ترسی لە یەکڕیزی و هاودەنگی ئەوانە، سەرکوتکارییەک بکات و چاوترسێنیان بکات کە بێگومان پرسی نەتەوەیی خاڵی هاوبەشی هەموو سەرکوتکارییەکانیشە.

ئەم ڕێژیمە ناسرەوێ، سەرکوت بەشێکی حاشاهەڵنەگر لە چییەتیی ڕێژیمەکەیە و تەنیا یەکڕیزی و یەکدەنگیی نەتەوەکانە کە دەتوانێ گورزێکی قایم لەبەرانبەر هێزە پووشاڵییەکەی بێت.