کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمان کۆڵبەرن، ئەوان پووڵبەرن!

09:32 - 16 رێبەندان 2719

شەماڵ تەرغیبی

داستانی تراژیکی کۆڵبەران ماوەیەکی دوورودرێژە کە زەین و ڕۆحی ئەگەر نەڵێین هەموو کۆمەڵگای کوردستان لانیکەم بەشی بەرچاوی حەشیمەتی کوردستانی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە و بووەتە چیرۆکێکی نەبڕاوەی هەموو کۆڕێک؛ کەم ڕۆژ هەیە کە بەردەم نەخۆشخانەکان لە کوردستان و بەتایبەت شارە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور، کۆمەڵە خەڵکێک بە شینگێڕان و قوڕپێوان و گریان نەچنە لای ئازیزەکانیان کە یان بە فیشەکی نانبڕانی کۆماری ئیسلامی پێکراون یان گیانیان لێ ئەستێندراوە یان ئەوەیکە لە بەرزاییەکان بە بارێکی قورسی ٧٠-٨٠ کیلۆیی بەر نەبووبێتەوە یان سروشت ڕووی گرژ و تاڵی خۆی پیشان نەدابێتن و گیانی لێ نەستاندبێتن!

ئەم ژیانە تراژیکە کە ئێمەی کورد ڕۆژانە لەگەڵی بەرەوڕووین و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بووەتە بەشێک لە ژیانمان، لە کاتێکدایە کە لە بەرامبەر توێژی "کۆڵبەران" بینەری توێژێکین بە ناوی "پووڵبەران"! ئەمانە ئەو کەسانەن کە لە ڕێگەی ڕانت و تاڵانی ملیۆنی و میلیاردی لە سێبەری دەسەڵات و بە کەڵکاوەژوو وەرگرتن لە پۆست و جێگە و پێگە حکومییەکانیان سەرقاڵی هەڵلووشین و تاڵانکردنی سامان و داهاتی وڵات و ئاکامی ماندووبوون و شەونخوونییەکانی چینە هەژارەکانی کۆمەڵگا و یەک لەوان "کۆڵبەرانن"!

کۆڵبەرانێک کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان و تێچووە قورسەکان ناچارن کۆڵەبارێکی قورس لە شان بنێن و بە ئازاردانی جەستەی ماندوویان ڕێگای پڕ هەوراز و نشێوی ژیان بپێون و بە بڕینی شاخە قایمەکان ئیرادەیان بۆ ژیان و مانەوە بە ڕۆژگاری تاڵ بسەلمێنن، بەڵام زۆر جار دەکرێنە سیبلی تەقەی پارێزەرانی "پووڵبەرەکان"!

ئەو پووڵبەرانەی کە بەهۆی پشتگیرییە یاسایی و نایاساییەکان و تەنیا لەبەر ئەوەیکە خاوەنی پارە و سەرمایەن یان پشکێکیان لە تاڵانکارییەکان بە بەرپرسانی لە خۆیان گەندەڵتر داوە، بە ئاشکرا و بێ ئەوەیکە ترسی پاوانە و دەسبەنیان هەبێت، بە هەڵچنینی کۆمەڵێک درۆ و فرتوفیڵ خوێنی ڕۆڵەکانی کورد فڕ دەکەن!

ڕەنگە هەندێک کەس لە ڕووی نەزانییەوە بپرسن، بۆچی خەڵکانێک کە ڕێژەشیان کەم نییە سەرباری ئەوەیکە مەترسییەکانی ڕێگا دەزانن بەڵام دیسان ئامادەن کە گیانی خۆیان بکەنە پردەبازی گەیشتن بە نان؟  بەڵام کاتێک کە خودی ئامارە حکوومەتییەکان دەکەینە پێوەر، دەبینین کە هەڵبژاردنی ئەم شێوەژیانە هەڵبژاردنێکی ئیختیاری نییە و بەهۆی حوکمێکی حکوومەتییەوەیە کە لە برسیەتی و هەژاری و نەهامەتییەکانی"کورد" چێژ دەبات!

لێرەدا ئاماژەیەکی کورت بە بەشێک لەم ئامارانە دەکەین کە خودی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە:

- جیاوازیی نرخی هەڵاوسان لە نێوان دوو پارێزگای ئیلام و قوم ١٣ لەسەدە!

- پارێزگاکانی سنە، کرماشان، لوڕستان، خووزستان و بەلووچستان، ناوەندی "فەلاکەت" لە ئێرانن!

- پارێزگای سنە زۆرترین نرخی هەڵاوسانی هەیە کە بریتییە لە ٤٨.٨ لەسەد!

- نرخی بێکاری لە هاوینی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ هاوینی ساڵی ڕابردوو لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، ورمێ و سنە گەشەی ٧ تا ١١ لەسەدیی هەبووە!

کاتێک کە پشکی پارێزگاکانی کوردستان لە بەرهەمی ناپەتیی نێوخۆیی و گەشەی ئابووری، نەرێنی و نێگاتیڤە و هیچ ژێرخانێک بۆ چێکردنی پیشەی نوێ بوونی نییە و هەروەها نرخی بێکاری بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە، گەلۆ هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان دەمێنێتەوە؟

مەسەلەکە لێرەدا ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی ڕوانینی تەواو ئەمنییەتی و لەوەش زیاتر ڕوانینی کۆلۆنیاڵی بۆ کوردستان و گەلی کورد کە هەمیشە وەک ناوچەیەکی کۆلۆنی سەیری کردووە، نەک ناتوانێت بەڵکوو نایهەوێت (!) لەوە زیاتر گەشە بکات و پێبگات؛ دەنا هەموو عەقڵێکی سالم ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئەگەر چەشنێک ئابووریی بەرهەمهێنەر لە ئێراندا بوونی هەبێت و یاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ماڵی و ئیختلاس و ڕانتخۆری بوونی هەبێت و سەرمایە بەتاڵانبراوەکان بخرێنە خزمەت کاروباری بەرهەمهێنان، چیدیکە خەڵکی کوردستان ناچار نابن کە گیانی خۆیان بۆ ژەمەنانێک فیدا بکەن و لەو لاشەوە کەسانێک نامێنن کە لەژێر سێبەری یاسادا سەرقاڵی ڕاوڕووت و بردنی پووڵی خەڵک بن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.