کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٣ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرا

17:08 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٧٣ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەری حیزب، ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان و ڕێکخراوەکانی هەر چواربەشی کوردستان، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٣ی ڕەشەممە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت به ٧٣ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن، "عومەر فەخرەدینفەر"، سکرتێری ڕێکخراوەکەوە خوێندرایەوە.

دواتر"لوقمان مێهفەر"، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، بەم بۆنەوە پەیامی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە کار و چالاکیی ئەو کەسانەی کە لە ڕابردوودا، لەم ڕێکخراوەیەدا چالاکییان نواندووە،  لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا و ڕێز لە ماندووبوونیان گیرا.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، چەندین گۆرانی، چەند تابلۆ هەڵپەڕکێ و هەروەها سروود و شێعر پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

ئەم ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکیی گشتیی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.