کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ـەمین ساڵیادی کارەساتی هەڵبجە لە کانادا بەرز ڕاگیرا

16:39 - 26 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٨ـەمین ساڵیادی کارەساتی هەڵبجە لە وڵاتی کانادا بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک بۆ بیرهێنانەوەی ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی قوربانیانی شیمیایی‏بارانی شاری هەڵەبجە لە شاری تۆرۆنتۆ بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە لە لایەن ماڵی کورد لە شاری تۆرۆنتۆ ڕێک خرابوو و لە یەکێک لە بیناکانی شارەداریی ئەم شارە بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بو ڕێزلێنان لە گیانی پاکی قوربانیانی ئەو کۆمەڵ‏کوژییە دەستی پێ‏کرد.

دواتر \'\'چەتۆ وانی بەرپرسی ماڵی کورد، وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان، وتارێکی لە پێوەندی لەگەڵ ئەم کۆمەڵکوژییەدا، پێشکەش کرد.

ناوبراو داوای لەو پارلمانتارە کاناداییانە کە بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بوون کرد؛ بە باسکردن لە کێشەی کورد لە پارلمانی کانادا و هەوڵ دان بۆ ئەوەی لە لایەن حکوومەتی کاناداوە گوشار بخەنە سەر ئەو حکەومەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، بەتایبەت ئانکارا و تاران، یارمەتیدەری نەتەوەی کورد بن.

پاشان، چەندین پەیام بە بۆنەی کۆمەڵکوژیی کوردان، لە لایەن پارلمانتارانی پارلمانی کانادا و نوێنەرانی شارەداریی تۆرۆنتۆ و میسی‏ساگا پێشکەش کران.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، فیلمێکی دێکیۆمنتاری لە سەر کۆمەڵکۆژیی کوردان لە هەر چوار بەشی کوردستان کە لە لایەن هونەرمەندێک بە ناوی فەردینەوە ئامادەکرابوو، پیشان درا.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، دوو پارچە موسیقی بە بۆنەی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەوە لە لایەن هونەرمەندانی دەڤەری ئونتاریۆ پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا، شێعرێک لە لایەن سەعید گۆڵشەن بە ناوی دیمانەیەک لەگەڵ ئاوێنە دا خوێندرایەوە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، وتاری سەرتیپ کاکەیی، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئەمریکای باکوور، پێشکەش کرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کانادا، بەشداریی بەرچاویان هەبوو.