کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنبارێکی چەکوچۆڵ لە باشووری دەمیشق لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج

13:13 - 11 خەرمانان 2720

ئەرتشی ئیسرائیل لە هێرشێکی هەوایی بۆ سەر باشووری دەمیشق، ئەنبارێکی گەورەی چەکوچۆڵی کردە ئامانج.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریە باسیان لەوە کردووە کە لە ئاکامی ئەم هێرشەدا دوو سەرباز کوژراون و حەوت سەربازی دیکە بریندار بوونە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕاگەیاندووە لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ باشووری سووریە، پێنج میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون کە سێ کەسیان خەڵکی سووریە بوونە.

هەروەها چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە باسی لەوە کردووە یەکێک لەو ناوچانە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی هەوایی کراوەتە سەر، باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری دەرعا بووە کە هێزەکانی حیزبوڵڵا لەوێ جیگر بوونە و هەتا ئێستا زیانەکانی ئەم هێرشە بۆ ئەم ناوچەیە ڕوون نەکراوەتەوە.

وڵاتی ئیسرائیل بەنیسبەت چالاکی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و بەتایبەتی سووریە هۆشداریی داوە و چالاکییە نیزامییەکانی ئەو ڕێژیمە لە چوارچێوەی هێزە میلیشاییەکان و هەروەها ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵ بۆ ئەو وڵاتە بە مەترسییەک بۆ سەر ئیسرائیل دەزانێت.

ئیسرائیل بەردەوام ڕایگەیاندووە بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە، هەڕەشەی جییدیە بۆ سەر ئیسرائیل و هەموو کاتێک گرووپە تیرۆریستییەکانیان کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی و هەتا ئێستا زیانێکی زۆری ماڵی و گیانییان بە ڕێژیمی ئێران گەیاندووە.